ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال رایگەیاند، عێراق لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی شنگالدا بڕیاری ڕاگرتنی پارتی ئازادیی دیموکراسیی ئێزدخان “پادێ”ـی دا، ئەمەش بێڕێزییە بەرامبەر گەلی ئێزدخان و بڕیاری دەوڵەتی تورکە، دەبێت دەمودەست عێراق ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە و هاوکاریی دەوڵەتی تورک نەکات، گەر نا دەبێتە هۆی پارچەبونی عێراق.
ئاوێنە: ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال، ئەمڕۆ سێشەممە، لە بارەی بڕیاری ڕاگرتنی سێ لایەنی سیاسیی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەڵبژاردنی عێراقەوە رایگەیاند، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد، 26 پەیمانی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد، یەکێک لەو بڕیارانەش دەربارەی قەدەغەکردنی ئیرادەی سیاسیی ئێزدخانە.
ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال ئەو بڕیارەی وەک بەردەوامیدان بە کۆمەڵکوژیی دەستنیشانکردوەو ڕایگەیاند، "پادێ" لە کاتی دروستبونییەوە بەپێی یاساکانی عێراق کارەکانی خۆی کردوە، تا ئێستا دەیان کۆنگرەو کۆنفرانسی ئەنجامداوە، بەشداریی لە هەڵبژاردن کردوە، وێرای سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردندا توركیا و پارتی "ڕێگربون لەوەی پادێ بەشداریی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بکات."
ئەنجومەنەكە وتویەتی، بڕیاری ڕاگرتنی پادێ بە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانی دەوڵەتی تورک و عێراق دەبینین، ئەم بڕیارە بەدەر نییە لە دەوڵەتی تورک، بەڵکو یەکێکە لەو 26 خاڵەی کە لەلایەن ئەو دو دەوڵەتەوە واژۆی لەسەر کرا، یەکێک لەوانەش بڕیار لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدییە.
ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال داوای لە حکومەتی عێراق کردوە کە دەست لە هاوکارییەکانی بۆ توركیا بەربدات و ڕایگەیاندوە، هاوکارییەکانی عێراق بۆ توركیا "بەڵایەکی گەورە دێنێتە سەر عێراق و گەلانی عێراق پارچە پارچە دەکات، دەبێت عێراق دەمودەست دەست لە هاوکارییکردنی دەوڵەتی تورک بەربدات و لەگەڵ گەلەکەیدا بێت، دەبێت ئەو بڕیارەی عێراق و ئەنجومەنی دادوەری هەڵوەشێتەوە و جارێکی دیکە بە ڕای دەوڵەتی تورک بڕیار نەدەن."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتوە، وەک ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال جارێکی دیکە داوا لە گەلەکەمان دەکەین، بە هەمو هێزیانەوە خاوەنداریی لە پادێ و ناوەندەکانی بکەن و ئەم بێڕێزییە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی قەبوڵ نەکەن.
رۆژی 1ی ئاب، ئەنجومەنی دادوەریی هەڵبژاردن کە سەربە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، بڕیاری ڕاگرتنی لایەنەکانی تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی دیموکراسیی ئێزدخان و بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە عێراق ڕاگەیاند.