شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەگەی کوردستان، کە لەلایەن حکوومەت و سوپای ئەمەریکاوە وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، بەردەوامن لە هاوکاریی و پشتیوانی.
هەروەها وتیشی: ئەمڕۆش کۆمەڵێک چەک، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە.
ئاماژەی بەوەشکرد: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.