پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێك بە ناوی "دكتۆر سوهەیب"، دوای ئەوەی لەسەر "فریودان و هەڕەشەكردن لە ئافرەتان"، بە كەفالەت ئازادكرابو، دوبارە لەسەر هەمان بابەت دەستگیركرایەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، تیمەکانمان، دوبارە (دکتۆر سوهەیب)یان بە تۆمەتی فریودان و هەڕەشەکردن لە ئافرەتان و خراپ بەکارهێنانی هێڵەکانی پەیوەندی دەستگیرکردەوە.
پۆلیس وتوشیەتی، "تۆمەتباری ناوبراو، کە لە ماوەی ڕابردودا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرابو، دواتر بە دەستەبەری (کەفالە) ئازاد کرابو، دوبارە دەستی بە هەڕەشەکردن لە ئافرەتان کردبوەوەو هەروەها خۆی وەکو پزیشکی جوانکاریی ناساندبو، کە لەو ڕێگایەوە ئافرەتانی هەڵدەخەڵەتاندو وێنە و ڤیدیۆی دەگرتن و هەڕەشەی لێ دەکردن، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دوبارە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرایەوە و ڕادەستی دادگا کرا."