بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیای فڕۆكەخانەكانی ئێران رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی هیچ ئاگادارینامەیەكی دابێتە هێڵە ئاسمانییەكان بۆ خۆبەدورگرتن لە ئاسمانی ئێران.
ئاوێنە: رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، بڵاویكردەوە كە ئێران هێڵە ئاسمانییەکانی لە ئەگەری رودانی هەر روداوێك لە ئاسمانی وڵاتەكەی ئاگادار كردۆتەوە كە رەنگە ببێتە مایەی ناچاربونیان بەوەی لە دوا خولەکدا ئاراستەی فڕۆکەکانیان بگۆڕن، بەڵام تاران ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.
لەبارەی ئەو ئاگادارینامەیە كە بە نۆتام ناسراوە، رەزا كارگەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیای فڕۆكەخانەكانی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی وتوە، هیچ نۆتامێك لەبارەی سنورداركردنی فڕین لە هیچ بەشێكی ئاسمانی ئێران یاخود هیچ راسپاردەیەك بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی فڕۆكە نەدراوەتە هێڵە ئاسمانییەكان.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی كردۆتەوە "ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاودەكرێنەوە دەنگۆ و درۆن."