پۆلیسی سلێمانی هەوڵی تەقەكردن و برینداركردنی دو هاوڵاتی لەلایەن ئەفسەرێكی كۆماندۆوە لە گەڕەكی زێڕینۆكی شارەكە رەتدەكاتەوەو دەڵێت، شەوی رابردو لە سنوری بەش و بنكەكانی پۆلیسی سلێمانی هیچ روداوێكی تەقەكردن و برینداربون بە فیشەك روینەدا.وە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، بەدواداچونیان بۆ هەواڵێك كردوە كە شەوی ڕابردو لەچەند ماڵپەڕو پەیجێکی سۆشیال میدیاو کەناڵی تەلەفیزیۆنییەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە "ڕوداوێکی تەقەکردن و بریندارکردنی دو هاوڵاتی لەلایەن ئەفسەرێکی هێزەکانی کۆماندۆوە لەگەڕەکی زێڕینۆکی شاری سلێمانی" رویداوە.
پۆلیسی سلێمانی وتویەتی،"بەڕێوەبەرایەتیمان وەک ئەرکی سەر شانی خۆی، بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان دڵنیابکاتەوە كە پاش بەدواداچون و لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت، شەوی ڕابردو هیچ جۆرە ڕوداوێکی تەقەکردن و برینداربون بەفیشەک لەسنوری بەش و بنکەکانمان ڕوینەداوەو تۆمارنەکراوە."