گروپی كۆمپانیاكانی لوفتهانزای ئەڵمانی رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشتەكانی هێڵە ئاسمانییەكانی بۆ هەولێر، تاران، تەلئەبیب، بەیروت، عەمان رادەگرێت.
ئاوێنە: گروپی كۆمپانیاكانی لۆفتهانزای ئەڵمانی كە كۆمپانیای فڕۆكەوانی سویسرا و هێڵی ئاسمانی نەماساو یۆرۆوینگز لەخۆدەگرێت، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، كۆمپانیاكانی خۆیان بەدور دەگرن لە بواری ئاسمانی ئێران و عێراق تاوەكو 7ی ئاب ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
هەروەها وتوشیەتی، سەرجەم گەشتەكانی بۆ تەلئەبیب و تاران و بەیروت تاوەكو 12ی ئاب رادەگرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیاكانی بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن و شاری هەولێر تاوەكو 7ی ئەم مانگە رادەگرێت.
هەفتەی رابردو بەهۆی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران و هەروەها كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵای لوبنانی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە دەوروبەری بەیروت، گرژییەكان لە ناوچەكە پەرەیانسەند.
حزبوڵا و ئێران بەڵێیان داوە كە بەهۆی كوژرانی فەرماندەكەی حزبوڵا و ئیسماعیل هەنیەوە، وەڵامی توندی ئیسرائیل بدەنەوە، ئەوەش نیگەرانی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە كە بەرەی شەڕی غەززە بگوازرێتەوە بۆ چەند بەرەیەكی دیكەو ببێتە مایەی شەڕێكی سەرتاپاگیر لە ناوچەكە.