دوێنێ یەکشەممە، یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی یەکەی تەکنەلۆژیای زەمینیی سوپای ئیسرائیلی کرد کە بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی تەکنەلۆژیای ئۆپەراسیۆنیی هێزەکانی گۆڕەپان، هەروەک هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "دوژمن باجێکی قورس دەدات" ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
یوئاڤ گالانت لەبەشێکی قسەکانیدا وتویەتی: ئێمە ئامادەکارییەکی بەهێزمان هەیە لەڕووی بەرگرییەوە، لەسەر زەویی و لە ئاسماندا ئامادەین بە خێرایی بجوڵێین بۆ هێرشکردن یان کاردانەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "باجێک بەدوژمن دەدەین، وەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردوومانە، ئەگەر بوێری هێرشکردنە سەرمانیان هەبێت، ئەوا باجێکی قورس دەدەن".
هەروەک دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل شەڕێکی فرە بەرەیی دژی "میحوەری خراپەکاریی بە سەرکردایەتی ئێران" بەڕێوەدەبات، هەڕەشەشی کرد کە بە هێزێکی تەواوەوە وەڵامی هەر هێرشێک بۆسەر ئیسرائیل دەدەنەوە.
نەتانیاهۆ لە دانیشتنی هەفتانەی حکومەتی ئیسرائیل دوێنێ یەکشەممە وتی: دەوڵەتی ئیسرائیل شەڕێکی فرە بەرەیی لە دژی میحوەری خراپەکاریی بە سەرۆکایەتیی ئێران بەڕێوە دەبات ، چ بەرگری بێت یان هێرشبەری.”
ئەم لێدوانەی گالانت و نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چاوەڕوانی وەڵامی ئێران و حزبوڵڵا دەکات بۆ تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و فواد شوکر، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا، دوای هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت.