حوجەتولئیسلام تەیب، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامیان بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەماس، نوێ و سەرسوڕهێنەر دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ـى ئێران لە زاری ئەو راوێژکارەی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە، شۆک و چاوەڕواننەکراو دەبێت بۆ ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئیسرائیل پشێوە، چونکە نازانن سیناریۆی ئێران چییە و لەو وڵاتە سەرمایەگوزاری ئابووری وەستاوە و بازرگانەکان وڵاتەکە بەجێدەهێڵن.
راوێژکاری سوپای پاسداران روونیکردەوە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت شکستی خۆی لە دژی حەماس بگۆڕێت بۆ جەنگێکی هەرێمی و ئەمریکاش بخاتە ناو جەنگەکەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، سەردەمی هەژموونی ئەمریکا تێپەڕیوە و سیاسەتەکانیان کاریگەریی نەماوە.
لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوودا، رۆژنامەی "مەعارف"ـى ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەوە، 46 هەزار کۆمپانیای ئیسرائیلی مایەپووچ بوون، پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 60 هەزار کۆمپانیا بەرزبێتەوە.