وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لەسودانی دەکات عێراق ڕۆڵی هەبێت لەکۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە
  2024-08-04       221       
محەممەد شیاع سودانی، ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لەمحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، وڵاتەکەی ڕۆڵی هەبێت لەکۆنترۆڵکردنی دۆخی ئاڵۆزی‌ ناوچەکە. سودانی-ش دەڵێت، ڕێگریکردن لەپەرەسەندنەکان بەندە بەڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی سەر ‌غەززە.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئەنتۆنی بلیکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی ئه‌نجامداو باسیان لەدوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەو گرنگی جەختکردنەوە لەئاشتی‌و سەقامگیری‌و ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی ئەو دۆخەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی بەوەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستای ناوچەکەو فراواننه‌بونی ململانێکان، بەندە بەڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو ڕاگرتنی حکومەتەکەی ناتانیهاهۆ لەهێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکەو کۆتاییهێنان پێشلکارییەکانی سەروەری وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خواستی ئەمەریکای دوپاتکردۆتەوە بۆ ئەوەی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لەکۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکەو ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی زیاتر لەلایەن لایەنە جیاجیاکانی ئەو ململانێیەو عێراق لەهەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاشتی لەناوچەکە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×