حكومه‌تی‌ عێراق بڕیاری‌ دانانی‌ خاڵی‌ گومرگیی‌ له‌نێوان شاره‌كانی‌ هه‌رێم‌و عێراق ده‌خاته‌ بواری‌ جێبه‌جێكرده‌وه‌
  2024-08-04       953       
هەرێمی کوردستان نیگه‌رانه‌ له‌دانانی‌ ئه‌و خاڵه‌ پشكنینانه‌

حكومه‌تی‌ عێراق سوره‌ له‌سه‌ر دانانی‌ دو خاڵی‌ پشکنینی‌ گومرگیی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و شارەكانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان-یش دەڵێت، هەولێرو بەغدا لەبارەی گومرگەکانی نێوان شارەکان نەگەیشتونەته‌ ڕێککەوتن.

ئاوێنه‌: حكومەتی عێراق بڕیاری دانانی‌ دو خاڵی‌ پشکنینی‌ گومرگیی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و شارەكانی عێراق ده‌خاته‌ بواری‌ جێبه‌جێكرده‌وه‌، ئەو دو خاڵە یەکێکیان دەکەوێتە پارێزگای‌ موسڵ، نزیک لەدەروازەی‌ سنوریی‌ ئیبراهیم خەلیل‌و ئەوەی‌ دیکە دەکەوێتە پارێزگای‌ دیالە لەنزیک مەرزی‌ نێودەوڵەتی‌ پەروێزخان.

مه‌به‌ست له‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەر کاڵایەک له‌ئێران‌و توركیاوه‌ هاوردەی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکرێن، کاتێک دەنێردرێن بۆ ناوچەکانی‌ ناوەڕاست‌و باشوری‌ عێراق لەو دو بازگەیە گومرگ دەکرێنەوە.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، " لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ بەغدا لەگفتوگۆدا بوین تا ئەو خاڵە گومرگیانە دروستنەکرێن‌و بڕیارەکە ڕابگیرێت، کەچی بەغدا لەسەرەتای ئەم مانگەوە بڕیارەکەی جێبەجێکردووە، بەڵام لەگەڵ بەغدا لەدانوستانی بەردەوام داین."

هەرێمی کوردستان نیگه‌رانه‌ له‌دانانی‌ ئه‌و خاڵه‌ پشكنینانه‌و پێیوایە ئەو هەنگاوەی‌ حکومەتی‌ فیدراڵ دروستکردنی‌ فشارە، مەبەست لێی‌ کەمکردنەوەو وشککردنی‌ سەرچاوەی‌ داهاتی‌ گومرگی‌ هەرێمی‌ کوردستانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×