مه‌سعود بارزانی‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ هاوبەشی كوتلەی عەرەبیی‌و توركمانیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوه‌وه‌
  2024-08-04       647       


مه‌سعود بارزانی‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ هاوبەشی كوتلەی عەرەبیی‌و توركمانیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوه‌وه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكه‌ كراوه‌ لەچوارچێوەی "تەوافق‌و كۆدەنگیی نیشتیمانی".

ئاوێنه‌: باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ یەكشەممە، لەسەڵاحەددین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێشوازی له‌وه‌فدێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبیی‌و توركمانیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و ژمارەیەك په‌رلەمانتارو سەركردەی سیاسی بەسەرۆكایەتیی شێخ خەمیس خەنجەر كردووه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، لەو كۆبونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق‌و هەروەها دۆخی كەركوك‌و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی‌و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك‌و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركوك ئاڵۆگۆڕ كرا.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بەئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك‌و لەخزمەت پاراستنی سەقامگیری‌و ئارامیی ئەو شارەو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان‌و بوژانەوەی كەركوك بێت ئەویش لەچوارچێوەی تەوافق‌و كۆدەنگیی نیشتیمانی."

ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ كوتلەی عەرەبیی‌و توركمانیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ ناڕه‌سمییه‌كان باس له‌ڕێككه‌وتنێكی‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوی‌ نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌و دابه‌شكردنی‌ پۆستی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌نێوان خۆیانداو به‌بێ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان.

به‌ڵام به‌شێك له‌میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، یەكێتیی دەنگی 50+1ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كۆكردوەتەوەو جگە لە 5 كورسییەكەی خۆی، 1 كورسی پێكهاتەی مەسیحی‌و دەنگی 3 ئەندامی كوتلەی عەرەبی لەگەڵدایە، بەمەش لەكۆی 16 دەنگی ئەنجومەنی پارێزگا، 9 دەنگی ئامادەی هەیە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی تایبەت بەپێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگای‌ كه‌ركوك. 

دوێنێ شه‌ممه‌ش محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق به‌جیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌فراكسیۆنه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و پێكهاته‌ی‌ مه‌سیحی‌ كۆبوه‌وه‌و ڕایگه‌یاند، كەركوك پێویستی بەپێكهێنانی حكومەتێكی خۆجێیی هاوسەنگ هەیە كە پێداویستییه‌كانی هاوڵاتیان دابینبكات.

دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ 8 مانگ به‌سه‌ر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تائێستا لایه‌ براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یاتوانیوه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ شاره‌كه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری‌و گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن، چه‌ند جارێك لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب‌و تورکمان کۆبۆته‌وە، بەڵام تائێستا هه‌وڵه‌كان بێ ئەنجامبون.

ڕۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا به‌ڕێوه‌چو، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنه‌كه‌، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×