بڕیارە لەم هەفتەیەدا، شاندێکى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چەند پرسێک لەناویاندا هاوتاکردنى مینحەى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خێزانە کەمدەرامەتەکان سەردانى بەغداد بکات.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگهیاند "88 هەزار خێزانى کەمدەرامەت لەهەرێمى کوردستاندا مانگانە بڕى 150 هەزار دیناریان هەبوو، بەڵام لە ساڵى 2014ـەوە راگیراوە و یەکێک لەو پرسانەى لەگەڵ بەغداد باسى دەکەین ئەم پرسەیە بۆ ئەوەى هاوشێوەى خێزانە کەمدەرامەتەکانى عێراق، مینحە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکانى هەرێمى کوردستانیش ببەسترێتەوە".
ئاریان ئەحمەد، وتیشى "76 هەزار خاوەن پێداویستى لەهەرێمى کوردستاندا هەن و مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەشى فەرمانبەرن 100 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام لەعێراق کەمترین مینحەى خاوەن پێداویستى تایبەت 270 هەزار دینارە و دەمانەوێت ئەوە هاوتا بکرێت، هەروەها 13 هەزار کەسى دیکە تۆمارنەکراون، دەچینە بەغداد تاوەکو ئەو ناوانەش تۆمار بکرێت".
وتەبێژى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى روونکردەوە، کە لەو سەردانەدا بریارە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایى و کار و چەند لایەنێکى دیکەى عێراق بکرێت.