هه‌رێمی كوردستان؛ 8 سه‌ربازی توركیا كوژران و 4 گه‌ریلاش گیانیانله‌ده‌ستدا
  2024-08-04       689       


هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، مانگی رابردو هێزه‌كانیان بەرخودانی گه‌وره‌یان كردوه‌ و هه‌شت سه‌ربازی توركیا كوژراون و گورزی گه‌وره‌شیان له‌ سوپاكه‌ وه‌شاندوه‌، هاوكات چوار گه‌ریلاش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئاوێنه‌: هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "مانگی رابردو هێزه‌كانمان بەرخودانی گه‌وره‌یان كردوه‌ و لە ناوچەی زاپ و خواکوڕک لە خاکی هەرێمی کوردستان، لە روبەڕوبونەوەیەکدا هەشت سەربازی توركیا کوژران و دو سەربازی دیکەش برینداربون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "سوپای تورکیا لەگەڵ بۆردومان و ئۆپراسیۆنی بێشومار لە باکوری کوردستان، هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاشی دوجار بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی، 56 جار بە چەکی کیمیایی و 64 جاریش بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومانکرد و جارێکی دیکە تاوانی جەنگی ئەنجامدا". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "مانگی رابردو چوار گه‌ریلامان شه‌هیدبون، ئێمە ئەو هاوڕێیانەمان کە 14ی (تەموز/7) بە قارەمانێتی شەڕیان کرد و شەهیدبون بە رێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێن دوپاتدەکەینەوە کە رێگەیان بەرنەدەین و ئامانجەکانیان بە دڵنیاییەوە بگەیەنینە سەرکەوتن".

هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت، "مانگی رابردو گورزی قورسمان لە سوپای تورکیا وەشاندوه‌ و درۆنێکی هێرشبەر و دو سکۆرسکی خرانەخوارەوە و ئەفسەرێک بە پلەی یاربای بە سزا گەیەندرا".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "لە ئاکامی چالاکیەکانی هێزەکانماندا لە 12ی تەموز لە ئاسمانی ئاسۆس درۆنێکی هێرشبەری جۆری ئاکسونگور کرایە ئامانج و لە نزیک گوندی پیرزەلانی ناوچەی گەڤەری جلەمێرگ کەوتە خوارەوە، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ 2 هەلیکۆپتەری جۆری سکۆرسکی سەر بە سوپای تورکیا خرانەخوارەوە، لەو هەلیکۆپتەرەی کە 10 سه‌ربازی لەناودابو، بە سەختی برینداربون". 

لایخۆیه‌وه‌ وەزارەتی بەرگریی تورکیا دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر لە راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كرد، "چوار گەریلای پەکەکە لە ئەنجامی بۆردومانێک لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە چیای گارا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".
 
شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و په‌كه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توركیا ئۆپەراسیۆنی "چنگ- قوفڵ"ی لە بەرەبەیانی رۆژی 18ی (نیسان/4)ی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستپێکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×