ڕۆژى 2ى ئهم مانگه مهكتهبى سیاسى یهكێتى هێرشێكى توندیكردهسهر پارتىو تۆمهتباریكرد بهههڵاتن لهشنگالو ڕادهستكردنى شارۆچكهكه بهداعش، ئهمڕۆش بەشی ڕۆشنبیرییو ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وهڵامێكى توندى یهكێتى دایهوهو ڕایگهیاند، "یەكێتیی بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوەو تێیدا فرمێسكی تیمساحانەی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ئەوكارەساتە ڕشتوەو هەوڵیداوە ئەوكارەساتە نیشتیمانیو نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسییەو حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوەو ڕاستییەكانی ئەوكارەساتە بشێوێنێت".
بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى بەشی ڕۆشنبیرییو ڕاگەیاندنی پارتی كه كهمێك لهمهوبهر بڵاویكردوهتهوه ئاماژه بهوهكراوه، "لەیادی 10 ساڵەی كارەساتی شنگالدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوە تێیدا فرمێسكی تیمساحانەی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ئەوكارەساتە ڕشتوەو هەوڵیداوە ئەوكارەساتە نیشتیمانیو نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسییەو حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوەو ڕاستییەكانی ئەوكارەساتە بشێوێنێت".
ئهوهش هاتوە، "هەموو خەڵكی كوردستانو تێكۆشەرو خەباتگێڕانو هێزی هاوپەیمانان شاهیدی ئەوەن كە ئەوەی لەشنگالدا خوێنو قوربانیو زیانیدا، پارتی بوە، لەخەمێکی گەورەی نیشتیمانی وەك كارەساتی شنگال، پارتی وەك هەموجار، بەتەنها مایەوەو بەتەنها شانیدایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لەپەنادانی ئاوارەكان، چ لەڕزگاركردنی ڕفێندراوەكانو هەروەها ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لەدەستی داعش".
ههر لهو ڕاگهیهنراوهدا بەشی ڕۆشنبیرییو ڕاگەیاندنی پارتی جهختیكردوهتهوه، "جیهان شاهیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریکردوەو چۆن ئەفسانەی داعشی شکاندوە، مێژویەکی زۆر کۆن نییە، گەلی کوردستان باش لەیادیەتی بۆ تۆماركردنی داستانی گەورە لەئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی سەدی موسڵو ئازادكردنی ڕەبیعەو ئازادكردنی زوممارو شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگالو دواجاریش ڕزگاركردنی شنگال لەدەستی تیرۆریستانی داعش، سەدان شەهیدو برینداری بەخشیو ماوەی دوو ساڵ سەرۆك بارزانی خۆی لەبەرەكانی شەڕ مایەوەو هەتا شنگال ئازاد نەكرا، نەگەڕایەوە".
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لهوهشكراوه، "لێرەدا ڕایدەگەیهنین موزایەداتو ڕشتنی فرمێسكی تیمساح بۆ ئێزدیەكانو چەواشەكاریی هیچ لەوێنەی ڕاستییەكان ناگۆڕێت، بەتایبەت کە ئەو موزایەداتە لەلایەن ناپاکو کاڵفامەکانەوە بێت، وەک ڕۆژی ڕوناک دیارە ئەوەی لەخەمی شنگالەو خاوەنی شنگالەو ئاوێتەیە لەگەڵ ژانو ئازاری خوشكو برایانی ئێزدی تەنها پارتی بوەو هەر پارتی دەمێنێتەوە".