توێژەرێكی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بڕیارەكەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەبارەى كشانەوەی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی، بنیامین ناتانیاهۆى، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی هاندا بۆ ئەوەی بڕیاری بەهێزتر لە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانى بدات.
دان ئاربێل، توێژەری ئیسرائیلی لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی بایدن لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمریكا و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانى، بۆ ڕۆژنامەی تێلێگراف دەدوێت.
دان ئاربێل رایگەیاند، بایدن پێش كشانەوەی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەوڵی ڕاگرتنی ناتانیاهۆی دەدا، هەروەها بایدن داوای لە ناتانیاهۆ كرد بوو، زۆر وەڵامی هێرشەكانی ئێران نەداتەوە و ئێرانیش ئەمەی بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەقۆزتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كارنامەی بایدن پشتگیریكردنی تەواوەتی ئیسرائیلە، ئەویش دەیان ساڵە ئەو كارەی كردووە، ناتانیاهۆش ئەمە دەزانێت، بۆیە هەست بە متمانە دەكات، كە هێرش بكاتە سەر دوژمنانی ئیسرائیل، چونكە ئەمریكا دەیپارێزێت.
دەشڵێت، هەرچەندە بایدن چەك و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل دابین دەكات و كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر بۆ ناوچەكە دەنێرێت، وەك پەیامێك بۆ دوژمنانی ئیسرائیل، بەڵام ڕەزامەندی ڕەهای پێنادات كە ئەوەی دەیەوێت بیكات.
تا دێت ئاماژەكان بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبن، لەلایەك ئێران و گرووپەكان بەنیازی تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنییەن و ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەكەن، لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا بۆ پشتیوانی تەلئەبیب کەشتی فڕۆكە هەڵگر و جەنگی دێنێتە دەریاكانی ناوچەكە.