بێشکچی..قەڵەمێکی تورک بە بەرگی گەریلاوە
  2024-08-03       939       

ھێمن مەحموود

 

ھەر کە ناوی (ئیسماعیل بێشکچی) دێت زۆرینەمان یەکسەر دەزانین ئەم نووسەرەی کە بە ڕەگەز تورکە و لەسەر کوردان دەنووسێت یەکێکە لەو مرۆڤە بە ھەڵوێستانەی کە زۆرینەی ژیانی خۆی بۆ کورد و دۆزەکەی لە باکووری کوردستان تەرخانکردووە، بەڵام زۆرینەی ھەرە زۆریشمان تەنیا ناویمان بیستووە کەچی بەرھەمەکانیشیمان نەخوێندووەتەوە کە من خودی خۆم یەکێکم لەو کەسانە، تا ئەوەی لەلای ھاوڕێیەکی ئازیز ھەر سێ کتێبی (تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نامە بۆ یونسکۆ، دابەشکاری ئیمپریالیستی لەسەر خاکی کوردستان) م پەیداکرد.

من لێرەدا خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی (تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) دەکەم کە نووسەر لە ساڵی ١٩٩١ بڵاویکردۆتەوە و دوای زیاتر لە ٣٣ ساڵ ھێشتا کتێبەکە گرنگی خۆی ھەیە و دەڵێی دوێنێ نووسراوە.

بێشکچی وەک نووسەرێکی گەورەی بواری کۆمەڵناسی سیاسی لەم کتێبەدا باس لە ھەوڵ و تەقەلاکانی حکومەتەکانی عێراق و ئێران و سووریا بەگشتی و بەتایبەتیش حکومەتی تورک بەتایبەت بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی گەلی کورد دەکات، تەواوی ئەو ڕێگا و ئامرازانە شیدەکاتەوە کە ئایدیۆلۆژیای فەرمی ئەو وڵاتانە بۆ سڕینەوەی کورد گرتوویانەتە بەر، ئایدیۆلۆژیایەک کە سەرباز چوارچێوەکانی دەکێشێت و حکومەت جێبەجێی دەکات و پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن و میدیا خۆیانی لێ قڕوقپ دەکەن.

دەکرێیت بڵێین تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا شێواز و ڕوخساری ئەو جۆرە حکومەتانەشمان پێ پیشان دەدات کە بەدەست سوپا و ھێزی ئەمنی و ھەواڵگرییەوەیە و کاتێک دۆخەکە دەگاتە ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئایدیۆلۆژیای فەرمی بکەوێتە مەترسییەوە ھەموو سنوورێک پێشێل دەکرێت و ئەوەی مافی مرۆڤ و ئازادی بێت ڕێزی لێ ناگیرێت، لەم کتێبەدا ٣٣ ساڵ پێ ئێستا بێشکچی تەواوی سیستەمی سیاسی تورکی لەرزاندووە و شیکردنەوەی ڕەفتارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکی بەرامبەر کورد بە جۆرێک خستووەتە ڕوو کوردێکی ھەزاران ساڵەی لەدایکبووی کوردیش بەو جۆرە ناتوانێت بیخاتە ڕوو، چجای نووسەرێکی تورکی ھاوسۆزی کورد.

کاتێک خوێنەر ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە زۆر بە ڕوونی ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە بۆچی وڵاتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا لەسەر ھەر شتێک ناکۆک بن لەسەر ڕێگەگرتن لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد کۆک و تەبان.

ئەوەتا (واحید خەلەفئۆغڵوو) ی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی تورکیا لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میللەت لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٠ (واتە ٣٤ ساڵ پێش ئێستا) دا دەڵێت"بەپێی ھەلومەرجەکانی ئەمڕۆ، دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد مەحاڵە، ڕۆژئاوا بەردەوام کوردی بەکارھێناوە، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی مژارێکە بەبێ ھیچ پێشینەیەک تورکیا، ئێران، عێراق لەسەری پێک دێن. ڕەنگە ئەو مژارە بریتیبێ لە دانەمەزراندنی دەوڵەتی کوردی!".

بێشکچی لە شوێنێکی تردا باس لەوە دەکات میدیای تورکی لە سەروبەندی شەڕی کوەیتدا لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ڕێزنەگرتن لە کەسایەتی کورد و بە کەم بینینیان ھەوڵ و تەقەلایەکی زۆریاندا و سەردێڕەکانیان بەردەوام بەم شێوەیە بوو:
ئاخۆ ئەمریکا کورد بەکاردەھێنێت، ئەمریکا ھەڕەشەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات.

بێشکچی دەڵێت: وەک بۆمان دەردەکەوێت لەو دوو سەردێڕەدا کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی، خاوەن ئیرادە و ویستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی تەماشا ناکەن، بەڵکوو وەک ئامرازێک کە لەلایەن ئەوی دیکەوە ئاراستە دەکرێت و بەکاردەھێنرێت، لەکاتێکدا ژمارەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسە، وەلێ سەرباری ئەو ژمارە زۆرە و ئەو خاکە فراوانەی ھەیانە ھێشتا خاوەن پێگەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆیان نین.

بێشکچی باس لە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: بەپێی ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتی تورکیا (کورد تورکن و زمانێکی سەربەخۆ نییە بەناوی زمانی کوردی)، ئەم بیرکردنەوەیە بە ژێرخانی ئایدیۆلۆژیای فەرمی دادەنرێت. بەشێوەیەکی سرووشتی ئایدیۆلۆژیای فەرمی لە ھەوڵی ئەوەدا بووە بیرکردنەوەی پێچەوانەی ئەمە وەک تاوان سەیر بکرێت. واتە ئەوانەی باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیای فەرمی ناھێنن و پێچەوانەی ئەوە ڕەفتار دەکەن، بەردەوام و بێ پسانەوە لەژێر ھەڕەشەی سزادان. بۆیە دەتوانین بڵێین ئایدیۆلۆژیای فەرمی بە زەبری ھەڕەشەی سزا دەپارێزرێ و درێژە بە تەمەنی دەدرێت.

نووسەر لە بەشێکی ئەم کتێبەدا باس لە گرنگی پەیوەستی کچان و ژنانەوە دەکات بە گەریلاوە و پێی وایە ئەوە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای باوکسالاری کوردیدا، یەکەم جار بوو لە شۆڕشەکانی کورددا کچان و ژنان بەو شێوە ڕێکخراوە شانبەشانی پیاوان چەک ھەڵبگرن و خەبات بکەن و پلەی بەرپرسیارێتی وەربگرن.

بێشکچی پێی وایە جاران کچان و ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا دەچەوسێنرانەوە و وەک شەرەف تەماشا دەکران، بەڵام بە پەیوەست بوونیان بە گەریلاوە ئیدی کچان و ژنان بوونە جێگای شانازی خێزانەکان و باوکان و براکان خۆیان ھانی کچانیان دەدا ببنە گەریلا تاوەکوو سەربەرزبن لەناو خەڵک و کۆمەڵگادا.

بێشکچی سەرھەڵدانی خەباتی چەکداری گەریلاش بە ھەنگاوێکی گرنگ دادەنێت لە مێژووی کوردی باکووردا و پێی وایە یەک یەک زنجیری کۆیلایەتی کۆمەڵگەی کوردی پسێنران، ئیدی خەڵک دەستیان بە ڕووخاندنی ئەو دیوارە ئەستوورەی ترس و تۆقین کرد کە سیاسەتی داگیرکاری ساڵەھای ساڵ بنیادی نابوو، ئیدی ھەستی خۆناسین فراوانتر بوو، کورد لە کات و شوێنی جیاوازدا دەستیان بە گەڕان کرد بە دوای خۆیاندا. جوڵانەوەی گەریلا کۆمەڵگەی کوردی خستبووە نێو ھەژانێکی قووڵ و فراوانەوە.

تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کتێبێکی قووڵ و پڕ زانیاری و شیکارێکی کۆمەڵایەتی سیاسییە بۆ دۆخی باکووری کوردستان و کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا، ئەوەی گرنگە بێشکچی ٣٣ ساڵ پێش ئێستا ئەم کتێبەی نووسیوە و ئێستا زۆرێک لە بۆچوونەکانی ھاتووەتە دی، بەتایبەت لە دۆخی خەباتی باکووری کوردستان و ناچاربوونی دەسەڵاتدارانی تورک بەوەی دان بەوەدا بنێین کە لە تورکیا گەلێکی جیا ھەیە بەناوی کورد و ئەو سیاسەتەی دەیان ساڵە لەژێر درووشمی (پەرتکە و زاڵ بە و لەناوی بە) شکستی ھێناوە.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×