ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌ن: ئومێده‌واریم پێش 11ی‌ 8 پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك هه‌ڵبژێرین
  2024-08-03       270       
كۆبونه‌وه‌ی‌ فراکسیۆنی پارتی له‌گه‌ڵ محەمەد شیاع سودانی


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناوه‌ڕۆكی‌ کۆبوونەوەان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، " ئومێده‌واریم پێش 11ی‌ 8 پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك هه‌ڵبژێرین".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق به‌جیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكه‌ له‌پێكهاته‌ی‌ مه‌سیحی‌ كۆبوه‌وه‌.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، کۆبونەوەكه‌ ئەنجامێکی زۆر باش و ئەرێنی ھەبو، "بۆچون و داواکاری ئێمەی لەبارە دروستکردنی حکومەتێکی خۆجێیی لەکەرکوک بەبەشداری ھەموو لایەنە براوەکان و پێکھاتەکان وەرگرت، بەئومێدین پێش 11ی‌8 بتوانین کۆببینەوەو پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن بە ڕەزامەندی ھەموو لایەنەکان دیاری بکرێن."

وتیشی‌، "پێشنیازمانکرد حکوومەتێک بێت دەنگ و ڕەنگی ھەمووان بێت و خزمەتی شار بکات و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمینێت و ھاوسەنگی دروست بکرێت، بۆ پارێزگاریش ئومێدەوارین بتوانین پێش وادەی یاسایی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە."

شێخانی ڕونیشیکردەوە، "سەرۆکوەزیرانیش تەئکیدی لەوە کردەوە پێویستە ھەموو لایەک ھەوڵبدەن پێش 11ی‌8 بگەنە ڕێککەوتن و حکومەتی خۆجێیی کەرکوک دروستبکرێت، بۆیە بەگشتی کۆبونەوەکە ئیجابی وئەرێنی بوو."

دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ 8 مانگ به‌سه‌ر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تائێستا لایه‌ براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یاتوانیوه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ شاره‌كه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری‌و گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن، چه‌ند جارێك لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب‌و تورکمان کۆبۆته‌وە، بەڵام تائێستا هه‌وڵه‌كان بێ ئەنجامبون.

ڕۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا به‌ڕێوه‌چو، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنه‌كه‌، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×