لهگهڵ پهرهسهندنهكانی ناوچهكهو ئەگەری هێرشی ئێرانو حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکاو بەریتانیا داوا لەهاوڵاتیانیان دەکەن هەرچی زووە تکتێکی فڕۆکە ببڕنو بەپەلە لوبنان جێبێڵن.
ئاوێنه: دوای هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئاسمانیی هێڵەکانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیروت لەراگەیهندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، وێڕای ئەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوەو چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان لەلوبنان راگرتووە، "بژاردەی گواستنەوەی بازرگانی بۆ جێهشتنی لوبنان هێشتا بەردەستن."
ئاماژهی بۆ ئهوهشكردووه، "ئەوانەی دەیانەوێت لوبنان جێبهێڵن، هانیاندەدەین هەر تکتێکی فڕۆکە بەردەستبێت، بیبڕن، تەنانەت ئەگەر گەشتەکە دەستبەجێش نەبێت یان بەو رێگەیەدا نەڕوات کە خۆیان پێیان خۆشە."
هاوكات دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، گرژیو ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیلو حیزبوڵا لەلوتکەدایەو پێشبینیدەکەن دۆخەکە لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا خراپتر بێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دهشڵێت، "لەئێستادا ئامۆژگاری من بۆ هاوڵاتییانی بەریتانیی ئەوەیە بەپەلە لوبنان جێبهێڵن."
دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینیو فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵای لوبنانی، گرژیو ئاڵۆزیی ناوچەکە پێیناوەتە قۆناغێکی مهترسیدارهوهو ئەگەری هێرشی ئێرانو حیزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئهگهرێكی بههێزه.