شیاع سودانی: كەركوك پێویستی بەپێكهێنانی حكومەتێكی خۆجێیی هاوسەنگ هەیە
  2024-08-03       374       
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

محەمەد شیاع سودانی به‌جیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌فراكسیۆنه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و پێكهاته‌ی‌ مه‌سیحی‌ كۆبوه‌وه‌و ڕایگه‌یاند، كەركوك پێویستی بەپێكهێنانی حكومەتێكی خۆجێیی هاوسەنگ هەیە كە پێداویستییه‌كانی هاوڵاتیان دابینبكات.

ئاوێنه‌: نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌دواداچون‌و هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی‌ كه‌ركوك، به‌مه‌به‌ستی‌ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاكه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، به‌جیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكه‌ له‌پێكهاته‌ی‌ مه‌سیحی‌ كۆبوه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سودانی جەختی لەگرنگی بەردەوامبونی هەوڵەکان کردۆتەوە بۆ پێكهێنانی‌ حکومەتی خۆجێیی پارێزگای‌ كه‌ركوك‌و له‌و ڕوه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "کەرکوک پێویستی زۆری‌ بەپێکهێنانی حکومەتێکی خۆجێیی هاوسەنگ هەیە کە پێداویستییەکانی هاوڵاتیان‌و خواستەکانیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییه‌كان دابین بکات".

نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌ڵێت، سودانی‌ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوپاتكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها جەختی لەگرنگی کاری‌ پێكه‌وه‌یی له‌نێوان پێكهاته‌كان كردۆته‌وه‌و هه‌مووه‌ جۆره‌ په‌راوێزخستنێكی‌ ڕه‌تكردۆته‌وه‌.

دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ 8 مانگ به‌سه‌ر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تائێستا لایه‌ براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یاتوانیوه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ شاره‌كه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری‌و گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن، چه‌ند جارێك لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب‌و تورکمان کۆبۆته‌وە، بەڵام تائێستا هه‌وڵه‌كان بێ ئەنجامبون.

ڕۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا به‌ڕێوه‌چو، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنه‌كه‌، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×