به‌وته‌ی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دوای ئەوەی پرسی بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژیان گەیاندۆتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی داوای لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە بکات.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە، محەمەد ئیسماعیل، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق نوسراوێكی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت، لەسەر داوای ئەوان، وەزیری دارایی عێراق بەدواداچون بۆ پرسی بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان وەک نەوەی نوێ، دوای ئەوەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژیان گەیاندۆتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنوسراوێک ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران داوای لەوەزارەتی دارایی عێراق کردووە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە بکات، تا مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم بکرێنە هەمیشەیی.
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌ره‌ده، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان زیاتر له 36 هەزار مامۆستایە، وانەبێژان له‌هه‌مو مافێكی فه‌رمانبه‌رێكی هه‌میشه‌یی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بێبه‌شن، موچه‌كانیانیشان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە، بۆیه داوا ده‌كه‌ن بكرێنه هه‌میشه‌یی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌دان خۆپیشاندان‌و مانگرتنیان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم به‌پیر داواكارییه‌كه‌یانه‌وه نه‌چووه، بۆیه به‌ناچاریی په‌نایان بۆ حكومه‌تی عێراق بردووه.