دەم پارتی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكانی شەنگالدا رایگەیاند، ئەو بابەتە لە زۆرێك لە وڵاتانی وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا، وەک کۆمەڵکوژیی قبوڵ کراوە، پێویستە تورکیاش ئەم قڕکردنە لە دژ گەلی ئێزدی وەک کۆمەڵکوژی قبوڵ بکات و سیاسەتی چەندین ساڵەی شەڕانگێزییەکانی خۆی لە بەرامبەر شنگال ڕابگرێت.
ئاوێنە: دەم پارتی لە باكوری كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، پەیامێكی بەبۆنەی تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا لە شنگال و دەوروبەری، بڵاوكردەوە.
دەم پارتی وتویەتی"بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتی، هەندێک گەل و بیروباوەڕ ڕوبەڕوی کۆمەڵکوژی بونەتەوەو بەزۆر کوچبەر کراون، گەلی ئێزدی یەکێکە لەو گەلانەی کە ڕوبەڕوی کۆمەڵکوژییەکی زۆر بونەتەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە 3ـی ئابی 2014 زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژران کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ بون، هەرچەندە 10 ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزیدی بێسەروشوێنن."
ئاماژەی بەوەشداوە"جینۆسایدی گەلی ئێزدی لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەراوە وەک کۆمەڵکوژیی قبوڵ کراوە، هەروەها پێویستە تورکیاش ئەم قڕکردنە لە دژ گەلی ئێزدی وەک کۆمەڵکوژی قبوڵ بکات و سیاسەتی چەندین ساڵەی شەڕانگێزییەکانی خۆی لە بەرامبەر شنگال ڕابگرێت."
دەم پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "گەلی ئێزدی بەرگەی هەمو فشارو گۆشەگیری و کۆچ و کۆمەڵکوژییەکان گرتوە و کولتور، هەبون و باوەڕی خۆیان پاراستوە، بە بۆنەی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە 3ـی ئابدا ڕایدەگەیەنین کە لەگەڵ گەلی ئێزدیین و بەڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە گیانیان لەدەستداوە."