سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، كردەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران، لەلایەن ئیسرائیل و بە پشتیوانی ئەمریكا ئەنجامدراوەو كردەوەكەش بە موشەكی كورت مەودا ئەنجام دراوەو موشەكەكە لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی ناوبراو ئاڕاستە كراوە.
ئاوێنە: سوپای پاسدارانی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكی نوێدا ئاماژەی بەوەداوە كە كردەوە كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە تاران لەلایەن ئیسرائیل و بە پشتیوانی ئەمریكا ئەنجام دراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەم كردەوە "تیرۆریستییە" لەرێگەی موشەكێكی كورت مەودا بوە كە كڵاوەیەكی جەنگی 7 كیلۆگرامی پێوەبوەو لەگەڵ تەقینەوەیەكی گەورە، موشەكەكە لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی میوانەكانەوە ئاڕاستە كراوە.
سوپای پاسداران لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا جەختی كردۆتەوە كە تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنیە شتێكی حەتمییەو ئیسرائیل وەڵامی ئەو تاوانەی كە وەڵامێكی توند دەبێت لە كات و شوێنی گونجاودا وەردەگرێت.