سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوانەی شنگالیان رادەستکرد و خەڵکەکەیان بەجێهێشت و رایانکرد، ئەمڕۆ فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن و یادی کۆمەڵکوژییەکە دەکەنەوە، دەبێت ئەوانە دادگایی بكرێن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا رایگەیاند، ئەوانەی فرمێسکی تیمساحی بۆ شنگال و ئێزدییەکان دەڕێژن، هەر ئەوانە بون کە چەکەکانیان فڕێ دا و بەرگرییان لە ژن و گەنج و پیرەکان نەکرد. دەشڵێت، "هەر ئەوانە دەبێت دادگایی بکرێن".
ئاماژەی بەوەش کردوە، "3ـی ئاب، ئەو رۆژەیە کە لە یادمان ناچێت، ئەو رۆژەی کە ژنان بە دیل گیران و ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کران و هیچ پاڵپشتێکیان نەبو و هەموان بەجێیان هێشتن".
سروە عەبدولواحید ئەوەشی خستوەتەڕو، دەبێت ئەمڕۆ سەرجەم بەرپرسانی عێراق و هەرێم هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بکەن و ئەو رۆحیەتە بۆ خەڵکی شنگال بگێڕنەوە کە لەلایەن دڕندرەترین رێکخراوی جیهانەوە لە رەگەوە هەڵکێشراوە.