سۆران عومەر باس لە هۆكاری شكسپێهێنانی كەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە دادگای لاهای دەكات
  2024-08-03       738       

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سكاڵای بە كەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە دادگای لاهای بەناوی منەوە تۆماركرا، دادگاكە داوایان كرد ناسنامەو ناوی داعشێكی دیلیان بدەینێ كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێكی ئەندامی دادگاكە بێت بۆ ئەوەی بتوانن لێكۆڵینەوە بكەن. دەشڵێت، بەفەرمی داوام لە ئەنجومەنی وەزیران كرد كە ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بەڵام تا ئێستا ناوو ناسنامەی ھیچ داعشێک نەدرا بە دادگای لاھای بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە نەکرێ.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە ١٢/٩/٢٠١٤ چوینە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاھای، کاتی چون بۆ دادگای لاھای لەسەر داوسی بەندە وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا بۆی ڕێکخستین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ١٠/٩/٢٠١٤ لەناو پەرلەمانی ھۆڵەندا پاش سەرۆکی پەرلەمان قسەم لەسەر تاوانەکانی داعش دەرھەق بە کوردانی ئێزیدی و تورکمانەکان و کاکەیی و مەسیحی و مسوڵمانان کرد."

ئاماژەی بەوەشداوە "لە دادگای لاھای لەگەڵ دادوەر (ئیمریک رۆجێر) کۆبوینەوە لەنوسینگەی داواکاری گشتی دادگای لاھای، بەندەو کاک ئایدن مەعروف کەئەوکات پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی و شێخ شامۆ (لەژیاندا نەماوە) پەرلەمانتاری پارتی کە ئێزیدی بوو، لەگەڵ کاک دڵشاد راوێژکاری پەرلەمان."

سۆران عومەر وتوشیەتی"دادوەر ئیمریک رۆجێر بۆ خۆی فۆڕمی سکاڵاکەی بۆ پڕکردینەوە سکاڵاکار بەندەبوو وەک سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سێ دۆکیۆمێنتی تاوانەکانمان پێشکەش کرد، لە کۆتایی دا وتی بۆ ئەم کەیسە کەتوانەکانی داعشە بەرامبەر ئێزیدیەکان تەنھا ئەم سکاڵا وەردەگیرێ و ئەگەر توانرا لێکۆڵینەوە لەم دۆسێ بکرێ ئەوە تۆ سکاڵاكاری تا ئەنجامی کەیسەکە وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە"دوای چەندین نامەی فەرمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دواین جار وتیان کە عێراق ئەندام نیە لەم دادگایە ڕێگرە لەوەی بتوانین راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکەین، بەڵام لەڕێگەی ئەو داعشانەوە دەتوانین لێکۆڵینەوە بکەین کە ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگاکەمانن، بۆیە ناسنامەو ناوی داعشێکی دیلمان بدەنێ کەھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگای لاھایە."

وتوشیەتی"بەفەرمی ئەم داوایەم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد تاکو ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بۆ ئەوەی دادگاکە لەوێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن. بەداخەوە تا ئێستە ناو و ناسنامەی ھیچ داعشێک نەدرا بەدادگای لاھای تاکو لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە نەکرێ."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×