بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری پێشوی عێراقی رایگەیاند، تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵاتدا بو کە لەگەڵ تیرۆرو تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربو و هەروەها لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگریكردن لە ئێزدییەكان. دەڵێت: ئێستاش داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتوە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵەنگاری قورس بكەین، بەتایبەتی لە میانی دیمەنی هەرێمایەتی ئاڵۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا.
ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ شەممە، لە وتارێكدا بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانەوە رایگەیاندوە"بەداخەوە دوای دە ساڵ لەو مەرگەساتە هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێكهاتەیەكی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە."
سەرۆككۆماری پێشوی عێراق وتوشیەتی"با هەموان بۆ چاككردنی دۆخەكە هاوکار بین و پێكەوە رێكاری تەندروست بگرینەبەر و چیتر داواكاری رەوای خەڵكی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت و بە هۆی بەرژەوندییە سیاسییەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت."
بەرهەم ساڵح وتوشیەتی"ئەم تاوانەی ڕویدا لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵاتدا بو کە لەگەڵ تیرۆرو تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربو، هەورەک چۆن لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگری كردن لە ئاواییەكانی ئێزدیەكان، ئەم هەرەسهێنانە بە جۆرێک بو تەنانەت لە كاتی هێرشی داعشدا؛ خەڵكی ئاسایی و لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وەحشیەتی داعشەکان بە جێهێڵدران."
ئاماژەی بەوەشداوە "ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی دە ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنیەكان دەكەینەوە كە هەتا ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاركردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانیەكان، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شەنگال، و فەراهەمكردنی دەستبەری دەستوری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدییەكان لە روی ئایینی و كەلتوریەوە، دور لە هەمو پەراوێزخستنێك."
جەختیشی كردۆتەوە كە "پێویستە بەرژەوەندی قوربانییەكان و كەسوكاریان لەسەروی هەمو ئیعتبارێكی سیاسیەوە بێت، هەمومان پێكەوە بە یەکگرتویی كار بکەین بۆ ئێزدیرکان و بەرگریان لێ بکەین و بە پیر قوربانیەكانی دەستی داعشەوە بچین، لێرەدا هەنگاوی جدی و كاری جدیمان پیویسە چونکە دەستی دەستی و خاوە خاو لە وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی خەڵكی خۆمان لە شەنگال ئیدی بەڕاستی شورەییە."
بەرهەم ساڵح پێی وایە "لە ئێستاشدا سەرەڕای دوپاتكرنەوە بەردەوامەكان بۆ كۆتایی پێهێنانی مەترسی ئەمنی تیرۆر و تەكفیر، بەڵام ئەوەی لە سوریادا دەگوزەرێ، و هەبونی رێكخراوە توندڕەوە چەكدارییە مەترسیدارەكان كە بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێ لە ناوچەكانی باكوری سوریاو شوێنەكانی دیكەو جگە لە کامپی (الهول) كە دەیان هەزار كەس لە خۆدەگرێت؛ ئاڵینگاریەكی ئەمنی مەترسیدارەو ناكرێ پشتگوێ بخرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتوە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵینگاری قورس بكەین، بەتایبەتی لە میانی دیمەنی هەرێمایەتی ئالۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا، لەم روەوە ناوچەكە پێویستی بەكاری جدی هەیە."
وتوشیەتی"ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی داعش لە ئێران و روسیا ئەنجامی دان، و ئەوەی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق لەماوەكانی رابردودا كە روبەروبونەوەی چەكداری لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو رێكخراوەدا بەخۆوە بینی؛ زەنگی مەترسییەو پێویستی بە هەماهەنگی و كۆكردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەرگرتن لە كارەساتێكی ئەمنی نوێ كە بەڕێوەیەو گومان لە رودانیدا نییە."
دەقی وتارەكەی بەرهەم ساڵح:
لە دەیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكاندا؛ نە عەدالەت بەدیهاتوە و نە مەترسی بیری توندڕەوی كۆتایی هاتوە
كیژێكی ئێزدی لە شەقامێكی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو داعشیە هەڵاتوە دەبینێت كە دەستدرێژی كردۆتە سەر؛ تا ئێستاش بە هەزاران ئێزدی بێ ماڵ و حاڵ لە كەمپی ئاوارەکاندا دور لە زێدی خۆیان دەژین، و چارەنوسی زیاتر لە دو هەزار ژن و کچی بە کەنیزەکراوی رفێنراو بە نادیاری ماوەتەوە، شەنگالیش تا ئێستا سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی بۆ بەدینەهاتۆتەوە.
بەداخەوە دوای دە ساڵ لەو مەرگەساتە هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێكهاتەیەكی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە. با هەموان بۆ چاككردنی دۆخەكە هاوکار بین و پێكەوە رێكاری تەندروست بگرینەبەر و چیتر داواكاری رەوای خەڵكی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت و بە هۆی بەرژەوندییە سیاسیایەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت.
لە یادی دە ساڵەی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان لە شەنگال، بە دڵتەنگییەكی زۆرەوە ئەو روداوە ئازاربەخشە دەكەوێتەوە یادمان كە بوە هۆی ئەوەی هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوە، هەر لە کوشتاری مرۆڤ و رفاندنی کچان و ژنان و بزرکردنی منداڵان و وێرانكردنی ئاواییەكان. لەم رۆژەدا کە تیرۆری ڕەشی داعش شەنگالی داگیركردو تاوانی کەموێنەی ئاوای تێدا ئەنجامدا، مرۆڤایەتی لە ئاستیدا عارەقەی شەرمەزاری دەسڕێت.
ئامانجی تیرۆریستان كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی ئێزدیەكان بو، بەڵام خۆڕاگری گەلەكەمان و قوربانیدانی پێشمهرگه و هێزە ئەمنیەكانمان و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانی تیرۆریستەكانی هەڵوەشاندەوە. توندڕەوەكان بە پاساوی لێكدانەوەی تەکفیر و نابوتی بە ناو ئایین، کە ڕیشەی لەناو ئەخلاقی رەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزییە، ئەم تاوانەیەیان ئەنجام دا. ئەم پاساوانە سەرچاوەیان لە واقعی دواكەوتویی و شكست و نائومێدی ئەو کۆمەڵگایانە دێت کە دابڕاون، و لەئاست جیاوازییەكاندا هەستی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانەی لەخۆی بێهێزە زاڵ دەبێت.
پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، ئەم تاوانەی ڕویدا لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵاتدا بو کە لەگەڵ تیرۆرو تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربو، هەورەک چۆن لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگری كردن لە ئاواییەكانی ئێزدیەكان، ئەم هەرەس هێنانە بە جۆرێک بو تەنانەت لە كاتی هێرشی داعشدا؛ خەڵكی ئاسایی و لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وەحشیەتی داعشەکان بە جێهێڵدران.
با ئەم یادە بۆنەیەک بێت بۆ روبەروبونەوەی ئەو ئاڵینگارییانەی تاوەكو ئێستا لەبەردەم ئاساییکردنەوەی ژیانی ئێزدیەكانە ، دەرفەتێک بێت بۆ بەخشینی هیوا بۆ داهاتویەكی گەشەسەندو بۆیان. چونكە ئەوان شیاوی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام و پێدانی هەلن بۆ دوبارە بنیادنانەوەی ژیانی خۆیان و ڕوخساری كۆمەڵگەكەیان و نەخشاندنی داهاتویان.
قەبارەی ئەو مەرگەساتە كە لەبەرچاوی هەمو جیهان رویدا، ئاسەوارە نالەبارەکانی وای كرد کەلەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكوان و رێكخراوی مرۆیی ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقدا بوم هەوڵی ساڕێژی هەندێ لەو برینانە بدەین، بەتایبەتیش كە ئەو تاوانە قێزەونە رفاندنی كچانی ئێزدی گرتبوەوە و بە شێوەیەكی زۆر دڕاندانە رەفتاریان لەگەڵدا كرابو. لەو ماوەیەدا توانیمان یاسای كچە رزگاربوە ئێزدیەكان بچەسپێنین، و قوربانیانی كچانی شەبەك و توركمان و مەسیحیەكانیش بگرێتەوە، كە خۆی لە قەرەبو كردنەوە و دوبارە ئامادەكردن و ساڕێژی دەرونی،چونەوە ناو كۆمەڵگە و نیشتەجێكردن، هەلی فێركردن و دامەزراندن و داننان بە كۆمەڵكوژی، دادگایی كردنی تاوانباران، سۆراغكردن و گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا لە لیستی ونبوەكاندان، هەروەها دانانی رۆژێكی نیشتمانی بۆ یادكردنەوەیان لە 3ی ئابی هەمو ساڵێك. لەگەڵ ئەوەی دەزانین كە هیچ قەرەبوكردنەوەیەك و داننان بەو پرسە و هاوسۆز بون، قەرەبوی ئەو ستەمە ناكاتەوە کە ئێزدیەكان هەستی پێدەكەن، بەڵام هیوامان وایە ئەمە سەرەتایەك بوبێت بۆ پرۆسەیەكی بەردەوام و پێشكەشكردنی قەرەبوەكان لەلایەن دەوڵەتی عێراقییەوە؛ بەوەی بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقیە لە بەرامبەر گەلەكەماندا. هەروەك هیواخوازین هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئەم پرسە جدی بن و هەوڵی كۆكردنەوە و بە ئەنجام گەیاندنی بۆ بدرێت؛ و هەركەسێ هاوكاری داعش بوبێت لە ئەنجامدانی تاوانكاریەكان باجی تاوانكاریەكانی بدات و قەرەبوی قوربانیەكان بكاتەوە، لەسەروی هەموشیانەوە قەرەبوكردنەوەی ئێزدیەكان كە لەو ماوەیەدا دەردەسەرییەكی بێ وێنەیان بینی.
ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی دە ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنیەكان دەكەینەوە كە هەتا ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاركردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانیەكان، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شەنگال، و فەراهەم كردنی دەستبەری دەستوری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدیەكان لە روی ئایینی و كەلتوریەوە، دور لە هەمو پەراوێزخستنێك، سەرەڕای فەراهەمكردن و بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەكەیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان ئەمەش لە پێناو گەڕاندنەوەی كۆچپێكراوەكان بۆ ماڵ و حاڵ و زێدیان؛ كە لەم دواییەدا هەندێكیان سەربەستانە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. هەروەها پشتیوانی كردنی هەوڵی نێو دەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق و بە دیكۆمێنتكردنی و كاركردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان كە سەدان قوربانی تێدایە؛ لەم نێوەندەدا پشتیوانی دەكەین لە رێكارەكانی تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ دادگایی كردنی تاوانەكانی داعش (یونیتاد) و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. لەم بارەیەوە پێویستە دەستخۆشی لەو بڕیارە گرنگە بكەین كە رێگا بەوە دەدات ئێزدیەكان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، كە چەندین ساڵ بەهۆی سیاسەتەكانی پەراوێزخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سەركوتكەرانەوە لێی بێ بەش كرابون.
پێویستە بەرژەوەندی قوربانیەكان و كەس و كاریان لەسەروی هەمو ئیعتبارێكی سیاسیەوە بێت، هەمومان پێكەوە بە یەکگرتویی كار بکەین بۆ ئێزدیرکان و بەرگریان لێ بکەین و بە پیر قوربانیەكانی دەستی داعشەوە بچین، لێرەدا هەنگاوی جدی و كاری جدیمان پیویسە چونکە دەستی دەستی و خاوە خاو لە وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی خەڵكی خۆمان لە شەنگال ئیدی بەڕاستی شورەییە.
ئێزدیەكان پێکهاتەی رەسەن و گوزارشتن لە كولتوری جوانی رەنگاو رەنگی ئەم نیشتمانە، بۆیە لەگەڵ یادی دە ساڵەی کارەساتی ئەواندا و یادی ئەو مەرگە ساتانەش دەكەینەوە كە بەسەر تەواوی پێكهاتەكانی دیکەی گەلەكەماندا هاتوە، هەر لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ئەنفال و كیمیا بارانكردنی هەڵەبجەوە هەتا قوربانیانی دەستی تیرۆر.
لەبارەی دەستەبەری دادپەروەری بۆ قوربانیەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاكی خۆیان و پەیڕەوی رێكاری ئەمنی و پاراستنی هاوڵاتیەكانمان پێویست ناكات هیچ ڕاوچۆچونێكی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت، و ناكرێ رێگە بە داعش و نمونەكانیان بدرێت جارێکی تەراتێن بكەن و خەڵكی بتۆقێنن و کارەسات و مەرگەسات ئەو دڕندایەتیە بەرامبەر ڕۆڵەكانمان بنوێنن كە نواندیان چونکە ئەوەی رویدا لوتکەی تۆقاندن و داپڵۆسین و قڕکردن و لەناوبردن و ڕەشەکوژی بە کۆمەڵ بو .
ئێمە كە یادی ئەو بۆنە ئازاربەخشە دەكەینەوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە پاشماوەی بیری داعشی لە ئێستاشدا مەترسیەكی گەورەیە و ناكرێ پشتگوێی بخەین. دوپاتی ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە لەناو ئایینی پیرۆز و دامەزراوەكانیدا؛ بەرەنگاری توندڕەوی و هزری تەكفیری ببینەوە و پارێزگاری لە چەمكی دەستوری مەدەنی بکەین كە لەڕاستیدا پارێزگارییە لە شوناسی نیشتمانی و ڕەنگاڵەی کۆمەڵگا، ئەو شوناس و دەستورەی کە بەکارهێنانی ئایین و سەپاندنی بۆ مەبەستی سیاسی رەتدەكاتەوە.
دیارە كە ئایین زۆر لەوە بەرزتر و پیرۆزترە كە ئامراز بێت بەدەست سیاسیە بەرژوەندخوازەكانەوە یان بۆ پاساوهێناوە و برەودان بە بەرژەوەندی سیاسی بەكاربهێنرێت. لە بنەڕەتیشدا دەستوری عێراقی بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراسیەو رێز لەو فرەییە دەگرێت كە لە كۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە، و رێزی بۆ كۆسیستەمی بەهای ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەی عێراق داناوە.
لە ئێستاشدا سەرەڕای دوپاتكرنەوە بەردەوامەكان بۆ كۆتایی پێهێنانی مەترسی ئەمنی تیرۆر و تەكفیر، بەڵام ئەوەی لە سوریادا دەگوزەرێ، و هەبونی رێكخراوە توندڕەوە چەكدارییە مەترسیدارەكان كە بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێ لە ناوچەكانی باكوری سوریاو شوێنەكانی دیكەو جگە لە کامپی (الهول) كە دەیان هەزار كەس لە خۆدەگرێت؛ ئاڵینگاریەكی ئەمنی مەترسیدارەو ناكرێ پشتگوێ بخرێت.
داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتوە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵینگاری قورس بكەین، بەتایبەتی لە میانی دیمەنی هەرێمایەتی ئالۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا، لەم روەوە ناوچەكە پێویستی بەكاری جدی هەیە. ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی داعش لە ئێران و روسیا ئەنجامی دان، و ئەوەی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق لەماوەكانی رابردودا كە روبەروبونەوەی چەكداری لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو رێكخراوەدا بەخۆوە بینی؛ زەنگی مەترسییە و پێویستی بە هەماهەنگی و كۆكردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەرگرتن لە كارەساتێكی ئەمنی نوێ كە بەڕێوەیەو گومان لە رودانیدا نییە.
لە عێراق پێویستمان بەوەیە دەرس و پەند وەربگرین، سەركەوتن لە بەدەستێهنان و هەوڵەكان رەوایەتیەكی نیشتمانی و مرۆییە، بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانە دوبارە نەبنەوە كە ماوەی پەنجا ساڵە عێراق و ناوچەكەی گرتۆتەوە لە ئەنجامی داروخانی كۆسیستەمی هەرێمایەتی و بۆتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەیەكی پڕ كێشە پۆلێن بكرێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە كۆسیستەمێكی كاری هەرێمی سیاسی و ئەمنی و ئابوری هاوكاری بدۆزینەوە بۆ روبەروبونەوەی ئاڵینگاریەكانی سەردەمەکە کە گەلانی ناوچەكەش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئەم خولانەوە بێهودەیە كۆتایی پێ بێت و بگەن بە ئاستی گەلانی دنیا.