سەعدی پیرە: هێزەكانی پارتی لە نیوەشەوداو بەدزییەوە خەڵكی شنگالیان بۆ دڕندەكانی داعش جێهێشت
  2024-08-03       505       

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێزەكانی پارتی لە نیوەشەوداو بەدزییەوە خەڵكی شەنگالیان بۆ دڕندەكانی داعش جێهێشت. رێككەوتننامەی شنگالیش بە "گوماناوی" ناودەبات و دەڵێت، رێككەوتننامەی شنگال وەكو ئەوە وایە جارێكی تر مەڕەكان راسپێریت بە گورگ تا بیانپارێزێت. 

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەمڕۆ شەممە 3ی ئاب، لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكانی شنگالدا بە رۆژنامەنوسانی وت"هێزەكانی پارتی ئاگاداری حەجمی هێرشەكە بون بۆ سەر شنگال، لەگەڵ ئەوەی بەرگرییان نەكرد، دەبو ئاگاداری خەڵكی شنگال بكەنەوە كە خۆیان بپارێزن، بەنیوەی شەو خەڵكەكەیان جێهێشت وەكو نێچیرێكی بێ دەرەتان و بێ بەرگری لەبەردەم دڕندەكانی داعش."

وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا"هێزەكانی پارتی هۆكار بون بۆ ئەو روداوە، چونكە خەڵكەكە لە ناوچەكەیان مانەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بڕوایان وابو كە ئەو هێزە دەیانپارێزێت و رێگری دەكات لە هەر دەستدرێژی و پەلامارێك، بەڵام ئەو هێزە لە نیوەشەودا و بەبێ ئاگاداری كەس و بەدزییەوە پاشەكشەیان كردو خەڵكی شەنگالیان بە گەورەو بچوكەوە بۆ دڕندەكانی داعش جێهێشت."

هەروەها وتیشی"زۆر جار هەمو لایەكمان لەناو هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە هاتوینەتە دەنگ و بڕیاری ئەوە هەبو كە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو بەرپرسانەی كەمتەرخەم بون لە بەفەتارەتدانی خەڵكی شنگال، بەداخەوە تا ئەم ساتەش هیچ كەس نازانێت ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە چی بو."

سەعدی پیرە هێمای بۆ ئەوەش كرد"پێموایە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بڵاوبكرێتەوە زۆر باشترە لەوەی كە فرمێسكی تیمساحی بۆ قوربانیانی شەنگال بڕێژین و خۆمان بە دڵسۆزی خەڵكی شەنگال بزانین."

وتەبێژی یەكێتی پێی وایە پاراستنی ئێزیدییەكان، پێویستی بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی هەیە لەو مەترسیانەی كە ئەگەری هەیە لە داهاتودا روبەڕویان ببنەوە، چونكە وەك ئەو وتی، لە هیچ سەردەمێكی عێراق و لە سەردەمی هەرێمی كوردستانیشدا نەتوانراوە ئێزیدییەكان بپارێزرێن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەعدی پیرە، رێككەوتننامەی شنگالی بە "رێككەوتننامەیەكی گوماناوی" ناوبردو وتی"رێككەوتننامەی شنگال وەكو ئەوە وایە جارێكی تر، مەڕەكان راسپێریت بە گورگ تا بیانپارێزێت."

جەختیشی كردەوە كە لەو روەوە یەكێتی لەسەر شێوازی پاراستنی ئێزیدییەكان بەهیچ رێككەوتنێك رازی نابێت "ئەگەر لەسەدا 100 دڵنیا نەبێت لەوەی كە رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پاراستنی بون و مانەوەی ئێزیدییەكانە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×