مەسعود بارزانی: پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ئازارەكانی شەنگال بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنن
  2024-08-03       395       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە شەنگال و دەوروبەری، دەڵێت، پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شەنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكاربهێنن.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامەكەیدا وتویەتی، "پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی دە ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت." 

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە "پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شەنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكاربهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدییەكانمان لە شەنگال بەسەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژین."

دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی:

جینۆسایدی شنگال و، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دە ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەهەمو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی دە ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

مسعود بارزانی

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×