نیویۆرك تایمز: ئێران زیاتر لە 20 كەسی لەسەر دۆسیەی كوژرانی هەنیە دەستگیركردون 
  2024-08-03       503       

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لەسەر دۆسیەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران، ئێران دەستی بە لێكۆڵینەوە كردوەو زیاتر لە 20 كەسی دەستگیركردون كە لەنێویاندا بەرپرسانی باڵای هەواڵگری و بەرپرسانی سەربازی و كارمەندانی ئەو میوانخانەیە هەن كە هەنیەی تێدا كوژرا.

ئاوێنە: رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێرانه‌وه‌ زیاتر له‌ 20 كه‌س له‌سه‌ر دۆسێی‌ كوشتنی‌ هه‌نیه‌ ده‌ستگیركراون كه‌ ئه‌فسه‌رانی باڵای هه‌واڵگری و به‌رپرسانی سه‌ربازی و كارمه‌ندانی‌ ئه‌و میوانخانه‌یه‌ن كه‌ ناوبراوی‌ تیادا كوژرا.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسانه‌ دوای كوژرانی ئیسماعیل هه‌نیه‌ هات كه‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌كته‌بی‌ سیاسی حه‌ماسی له‌ قه‌ته‌ر ده‌كرد و بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربونی مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران سه‌ردانی تارانی كردبو و له‌ میوانخانه‌یه‌كی باكوری تاران ده‌مایه‌وه‌.

به‌ پێی راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز، عه‌لی فایز به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری‌ ئێران له‌ گروپی قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وتویه‌تی: "ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه‌ ئێران ناتوانێت خاكی خۆی بپارێزێت و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیشی، ده‌كرێت بۆ رێژمی ئێران كوشنده‌ بێت".

به‌ وته‌ی به‌رپرسانی‌ ئێرانی‌، كه‌ به‌ هۆی سروشتی هه‌ستیاری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ناویان ئاشكرا نه‌كراوه‌، یه‌كه‌ی‌ هه‌واڵگری‌ تایبه‌ت به‌ سیخوڕی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران به‌رپرسیارێتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كه‌ گرتوه‌ته‌ ئه‌ستۆ و به‌دواداچون بۆ تۆمه‌تباران ده‌كات به‌و ئومێده‌ی‌ بیانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌ندامانی تیمی تیرۆركردن كه‌ پلانه‌كه‌یان داڕشتوه‌ و هاوكار و ئه‌نجامده‌ری بون.

ئه‌م هه‌واڵی‌ ده‌ستگیركردنانه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سوپای پاسداران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ "مه‌ودا و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م روداوه‌ له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و له‌ كاتی گونجاودا راده‌گه‌یه‌نرێت”.

سوپای پاسداران تا ئێستا هیچ ورده‌كارییه‌كی له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كان یان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ هۆكاره‌كانیشیه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌، به‌ڵام هاوشێوه‌ی‌ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری مه‌زنی ئێران كه‌ فه‌رمانی لێدانی ئیسرائیلی ده‌ركردوه‌، سوێندی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی توندیان خواردوه‌،

چڕی و پانتایی لێكۆڵینه‌وه‌كانی سوپای پاسداران ده‌ریده‌خات كه‌ تا چه‌ند ئه‌و تیرۆره‌ سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌ی توشی شۆك كردوه‌.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌، "ته‌قینه‌وه‌ كوشنده‌كه‌ ته‌نها هه‌ره‌سێكی وێرانكه‌ری هه‌واڵگری و ئاسایشی نه‌بوه‌؛ به‌ ته‌نها شكستهێنانێك نه‌بو له‌ پاراستنی هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی؛ ته‌نها به‌ڵگه‌ی بێتوانایی له‌ سنورداركردنی دزه‌كردنی هه‌واڵگری‌ ئیسرائیل (موساد) نییه‌؛ ته‌نها لێدانێكی زه‌لیلكه‌ر نه‌بو بۆ ناوبانگی‌ ئێران. به‌ڵكو هه‌مو ئه‌مانه‌ و زیاتریش بو".

به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له‌ رۆژێكدا كه‌ پایته‌خت له‌ژێر ئاسایشی تونددا بو، بتوانێت میوانێكی ئاوا گرنگ بكاته‌ ئامانج و له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ له‌ژێر پاسه‌وانییه‌كی‌ تونددا بوه‌ و په‌نجه‌ره‌ی دژه‌ فیشه‌كی تێدابوه‌، به‌ به‌رگری ئاسمانی و رادار پارێزراوه‌، هێرشه‌كه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌وا به‌ڕاستی كه‌س سه‌لامه‌ت نابێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×