مه‌سرور بارزانی‌: به‌هۆی‌ خۆسه‌پێنیی میلیشاكانه‌وه‌، دۆخی شنگال ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌
  2024-08-03       218       

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، "به‌هۆی‌ خۆسه‌پێنیی میلیشاكانه‌وه‌" دۆخی شنگال ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌. ده‌شڵێت: "جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌."

ئاوێنە: مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵیادی‌ هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆسه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌ری‌ و جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌ كه‌ "له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری شنگال، كۆمه‌ڵكوژ كران و ده‌یان هه‌زاری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن و ئاواره‌ بون".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وتویەتی"به‌ هۆی خۆسه‌پێنیی میلیشا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌ شنگال، دۆخی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌ و ئاواره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان".

ئه‌وه‌شی‌ خستوه‌ته‌ڕو كه‌ "له‌م یاده‌دا، قوربانیدانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، له‌ ڕزگاركردنی شنگال به‌رز ده‌نرخێنین".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاندوه‌"جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شنگال".

ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌:

په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان

ئه‌مڕۆ ده‌ ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی له‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرش و په‌لاماری دڕندانه‌ی تیرۆریستانی داعش، هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری شنگال، كۆمه‌ڵكوژ كران و ده‌یان هه‌زاری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن و ئاواره‌ بون.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خوشك و برایانی ئێزیدی كۆتایی نه‌هاتوه‌ و هێشتاش ژماره‌یه‌كی زۆریان بێسه‌روشوێنن و به‌ هۆی خۆسه‌پێنیی میلیشا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌ شنگال، دۆخی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌ و ئاواره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان.

له‌م یاده‌دا، قوربانیدانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، له‌ ڕزگاركردنی شنگال به‌رز ده‌نرخێنین و به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناله‌باری شنگال و ده‌وروبه‌ری و كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ی خوشك و برا ئێزدییه‌ ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانیان خۆش بكرێت. بۆیه‌ جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شنگال.

له‌ كۆتاییدا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هید و قوربانییانی كۆمه‌ڵكوژیی شنگال و گشت شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین.

مه‌سرور بارزانی

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

03 ئاب 2024

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×