قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، دوای 10 ساڵ لە جینۆسایدی ئێزیدیەكان هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە و لەگەڵ ئەوەشدا كاری پێویست نەكراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەمەبەستی ئارامبونەوەی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری درێغی ناكەین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویكردەوە، "لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزدیمان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، سەری رێز لە ئاست قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین".
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تێپەڕبوونی 10ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە، هێشتا بیری توندڕەوی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانی یەکتر کە هۆکار و سەرچاوەی تیرۆر و جینۆساید و سڕینەوەی جیاوازییەکانن بەردەوامە.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕونكردەوە، دوای 10 ساڵ نیگەرانین کە هێشتا کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و نیگەرانین کە هێشتا وەک پێویست قەرەبوی قوربانییەکان نەکراوەتەوە.
جەختی لەوەشكردەوە، "هەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان لەپێناو ئارامبونەوەی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری و بەرقەراربونی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانمان لەو ناوچانە".