مەکتەبی سیاسی یەکێتی: پارتی لە شەنگال ڕایکرد
  2024-08-02       663       

لە دەیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا، یەکێتى نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی  بۆ بەرەنگاریی و پارێزگاریی هێشتەوە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، یەكێتی لە بەرایی کۆمەڵکوژییەکەى شنگالدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە، هێڵێكی بەرگریی  بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد، بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە.

دەشڵێت، "دوای پرۆسەی رزگاركردنەوەی شنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی داعشدا ، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە، بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتووان و لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتى راشیگەیاندووە، لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس،  خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشتمانیی  و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە، کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەرەنگاریی و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×