ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان چوار كەس لە ئاودا خنكان، دوو كەس لە سنووری هەولێر و كەسێك لە گوندی گۆپتەپەی سنووری چەمچەماڵ و كەسێكی دیكە لە گوندی ساوای سنووری سۆران.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، لە شارۆچكەی خەباتی سنووری پارێزگای هەولێر بەلەمێك بەر منداڵێك كەوتووە و بەهۆیەوە زامدار بووە و خنكاوە، تاوەكو ئێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
ئاشكراشكراوە، لە رووداوێكی دیكەدا منداڵێك لە شێخ توڕاب خنكاوە و لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانیی شەقلاوەوە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە مێردمنداڵێك لە گۆمێكی قوڵی تەنیشت ئاوی زێی بچووك لەنێوان گوندەكانی گۆپتەپە و كانی هەنجیر لە سنووری چەمچەماڵ خنكاوە، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن تیمەكانی غەواسی گۆپتەپە دەرهێنراوەتەوە و رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە.
هاوكات، شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، گەنجەكە تەمەنی 15 ساڵە و بە مردوویی گەیشتووەتە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو، بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی پزیشكی دادگای چەمچەماڵ كراوە.
هەرچی لەبارەی رووداوی چوارەمە، لە گوندی ساوای سەربە شارەدێی خەلیفان كچێكی تەمەن 15 ساڵان لە حەوزێكی مەلەكردندا خنكاوە، ئەو هاونیشتمانییە دانیشتووی سۆرانە و لەگەڵ خانەوادەكەی بە گەشت چووەتەوە گوند.