ئاژانسی فرانس پرێس زانیاری لەبارەی وەڵامی چاوەڕوانكراوی ئێران و بریكارەكانی بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لەبەرامبەر كوژرانی سەركردەو فەرماندەكانی بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵا ئاشكرادەكات و دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت وەڵامەكەی ئێران لە یەك كاندا بە بەشداری سەرجەم گروپە چەكدارەكان بێت لە عێراق و لوبنان و یەمەنەوە.
ئاوێنە: ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لوبنانی بڵاویكردۆتەوە، چەند بەرپرسێكی ئێران رۆژی چوارشەممە لەگەڵ نوێنەرانی "بەرەی مقاوەمە" لە تاران كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی داهاتویان.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دو سیناریۆ كراوە؛ یان هاوكات ئێران و هاوپەیمانەكانی پێكەوەو لە یەك كاتدا هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل، یاخود وەڵامەكە بۆ ئیسرائیل پێ بەپێ بێت و هەر لایەنەو بەجیا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل.
هەروەها فەرماندەیەكی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بە ئاژانسەكەی وتوە، ئێران سەرۆكایەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەكات بە بەشداری گروپە چەكدارەكانی عێراق و یەمەن و سوریا، پاش ئەوەش وەڵامدانەوەی حزبوڵای بەدوادێت.
ئەو فەرماندە عێراقییە وتویەتی، حزبوڵا رەنگە لە هێرشەكەیدا كەسانی مەدەنی بكاتە ئامانج ئەوەش وەك ئەو دەڵێت، لە تۆڵەی ئەوەی كە لە هێرشەكەی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەیروت كە تێیدا فواد شوكر، فەرماندەی باڵای حزبوڵا كوژرا، سێ ژن و دو منداڵ كوژراون.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە شارەزایان پێیان وایە وەڵامەكەی ئێران و بریكارەكانی وەڵامێكی دیراسەكراو دەبێت بۆ ئەوەی شەڕێكی فراوان لەناوچەكە نەكەوێتەوەو پێشیان وایە، دوبارەكردنەوەی هێرشی هاوشێوەی هێرشەكەی نیسانی رابردوی ئێران بۆ سەر ئیسرائێل "بێ سود دەبێت" و "هیچ واتایەكی نابێت، چونكە موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران شوێنە هەستیارەكانی ئیسرائیلیان نەپێكاو هیچ كاریگەرییەكییان بۆ راگرتنی ئیسرائیل نەبوە."
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئێران بە دەیان موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئیسرائیل كە زۆربەیان بەر لەوەی بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل لەلایەن هاوپەیمانانی ئەو وڵاتەوە خرانە خوارەوە.