ئا: ئاوێنە
سوپای ئیسرائیل چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند، بەهێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی ئەلمەواسی لەنزیک خان یونس لەباشووی کەرتی غەززە، سەرکردەی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس، "محەمەد زەیف"ی، کردوەتە ئامانج. ئیسرائیل ئەمڕۆ ١ی ئاب کوژرانی زەیف-ی لەم هێرشەدا پشتڕاستکردەوە، کە بووە هۆی کوژرانو برینداربوونی سەدان فەلەستینی. یواف غالانیت، وەزیری بەرگری ئیسرایل، محەمەد زەیفی بە"بن لادنی غەزە" ناوبرد، کە کوشتنی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس.
ئیسرائیل کوشتنی محەمەد زەیف-ی زۆر بەلاوە مەبەست بوو، بەتایبەتی کە بەپلانداڕێژەری هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیلییەکان دادەنراو ئەندازیاری دروستکردنی ئەو تونێلانەش بوو ڕێگەی بەچەکدارانی حەماس دا لەغەزەوە بچنە ناو ئیسرائیلەوەو بەرپرس بوو لەکوژرانو بریندار کردنو بەبارمتەگرتنی سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی بەدرێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو.
محەمەد دیاب المصری، نازناوی “ئەبو خالد”ەو بە"الزەیف” ناودەبرێ، سەرکردایەتی کەتائیبی عیزالدین ئەلقەسام دەکات کە بازووی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە، لەکەمپی پەنابەرانی خان یونس لەکەرتی غەزە لەدایک بووە لەساڵی ١٩٦٥.
محەمەد زەیف، لای فەلەستینییەکان بە"ئەقڵی پلاندانەر" ناودەبراو لای ئیسرائیلییەکانیش بە"پیاوی مەرگ"و "جەنگاوەری حەوت روح".
زەیف، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبایۆلۆجی لەزانکۆی ئیسلامی غەزە بەدەستهێنابوو، حەزی لەنواندنو شانۆ بوو، بۆ ئەم مەبەستەش گروپێکی هونەری پێکهێنابوو. ساڵی 1987 لەکاتی سەرهەڵدانی یەکەم "ئینتیفازە"ی فەلەستینییەکانو دامەزراندنی بزوتنەوەی حەماسدا پەیوەندی بەڕیزەکانیەوە کرد.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٨٩ دەستگیریان کرد، ١٦ مانگ بەبێ دادگاییکردن خرایە زیندانەوە بەتۆمەتی کارکردن لەباڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس. لەماوەی زیندانیکردنیدا، زەیف لەگەڵ زەکەریا شۆربەچیو سەڵاح شەحادە لەسەر دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی جیاواز لەحەماس رێککەوتن بەئامانجی بەدیل گرتنی سەربازانی ئیسرائیلی، کە ناوی "کەتائیبی قەسام"ی لێنرا.
دوای ئازادبوونی زەێف لەزیندان، "کەتائیبی عێزەدین قەسام" وەک رێکخراوێکی سەربازیی دەرکەوت، کە زەیف یەکێک بوو لەدامەزرێنەرانیو لەپێشەنگی ئەو سەرکردانەی کە لە"قەسام"دا چالاک بوون.
زەیف ئەندازیاری دروستکردنی ئەو تونێلانە بوو کە ڕێگەی بەچەکدارانی حەماس دەدا لە غەزەوە هێرش بکەنە ناو ئیسرائیلەوە، هەروەها یەکێک بوو لەوانەی ستراتیژی ئاڕاستەکردنی ژمارەیەکی زیاتری موشەکی روەو ئیسرائیل پێشخست.
بەڵام ترسناکترین تۆمەت کە ئاڕاستەی دەکرێ سەرپەرشتیکردن و پلاندانانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی تیرۆرکردنی ئەندازیار یەحیا عەیاش-ە کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٥٠ ئیسرائیلی لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٦. هەروەها پلاندانانی بووە بۆ بەدیل گرتنو کوشتنی سێ سەربازی ئیسرائیلی لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا.
ئیسرائیل لەساڵی ٢٠٠٠دا دەستگیری کردو زیندانی کرد، بەڵام لە سەرەتای "ئینتیفازەی دووەم"وە، توانی لەزیندان هەڵبێتو لەو کاتەوە شوێن بزرو نادیار بوو.
زەیف سێ فۆتۆی هەیە، یەکێکیان زۆر کۆنە، دووەمیشیان وێنەیەکە بەدەمامکەوە، سێیەمیش وێنەی سێبەرەکەیەتی.
سەختترین هەوڵی تیرۆرکردنی لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو، زەیف بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاری بوو، بەڵام چاوێکی لەدەستدا، ئیسرائیلەکان دەڵێن پێیەکو دەستێکیشی لەدەستداوە، هەروەها بەزەحمەت قسەی بۆ دەکرا بەهۆی ئەوەی زیاد لەجارێک روبەڕوی هەوڵی تیرۆرکردن بوەتەوە.
ساڵی ٢٠١٤، لەکاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژی خایاند، سوپای ئیسرائیل نەیتوانی زەیف تیرۆر بکات، بەڵام توانی هاوسەرەکەیو دوو منداڵەکەی بکوژێت.
زەیف، بەنازناوی "ئەبو خالد" ناوبانگی دەرکرد کاتێک لەیەکێک لەشانۆگەرییەکانیدا بەناوی "گاڵتەجاڕ"، ڕۆڵی “ئەبو خالد”ی تیا دەبینی، کە کەسایەتییەکی مێژووییەو لەکۆتایی سەردەمی ئومەویو سەرەتای سەردەمی عەباسی ژیاوە.
نازناوی "ضيف - میوان"یشی لێنرا بوو لەبەرئەوەی لەهیچ شوێنێک زیاتر لەشەوێک نەدەمایەوەو هەر شەوەو لەماڵێکی نوێدا ژیانی بەسەردەبرد بۆ ئەوەی لەڕاوەدونانی ئیسرائیل ڕزگاری بێت. بەڵام سەرەنجام لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرایە ئامانجو کوژرا.