لوبنان: ئیسرائیل بەدوای شەڕێکی ناوچه‌ییدا دەگەڕێت
  2024-08-01       226       


نوێنەری لوبنان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات ناوچەکە بەرەو شەڕێکی هەرێمی ڕابکێشێت، کە ئەنجامێکی وێرانکەر هەیە.

هادی هاشم، نوێنەری لوبنان لە كۆبونه‌وه‌ی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا رایگه‌یاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات ناوچەکە بەرەو شەڕێکی هەرێمی ڕابکێشێت، کە ئەنجامێکی وێرانکەری هەیە، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی پێشودا، ئیسرائیل فوئاد شوکر، سەرکردەیەکی حزبوڵای لوبنانی و دواتریش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس تیرۆر كرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ باشوری بەیروت، ناوچەیەکی نیشتەجێبونی کردەوەتە ئامانج، ئەو هێرشانەشی بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسف کرد.

ئەو نوێنەرە لە وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕوداوی مەجدل شمس، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو بەراوردکردنەی کە بکوژی هەزاران منداڵ لە غەززە بە منداڵانی مەجدل شمس دەیکات.

دوێنێ ئێوارە چوارشەممە حزبوڵای لوبنانی ماتەمینیان بۆ فوئاد شوکر گێڕا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ده‌ڵێت، "دوای گەشتێکی دور و درێژ پڕ لە ئیمان بە خودا و پەیمان لەگەڵ خودا، سەرکردەی گەورەی جیهادی، فوئاد شوکر، شەهیدێکی گەورەیە لە ڕێگای قودسدا".

ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبونی بەیروت، لە ئەنجامدا فوئاد شوکر، سەرکردەی حزبوڵای لوبنانی تیرۆرکرد و چوار کەسی دیكه‌ش کوژراون و نزیکەی 80 کەسیش برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×