رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردۆەوە، عەلی خامەنەیی رابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەرمانی كردەوە وڵاتەكەی بە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران بداتەوە.
ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە زاری سێ سەرچاوەی ئێرانییەوە بڵاویكردۆتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوای ماوەیەكی كەم لە كوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەڕێوەچوە.
ئەو سێ بەرپرسە ئێرانییە كە دوانیان لە سوپای پاسدارانن، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەیان وتوە، لە كۆبونەوەكەدا عەلی خامەنەیی فەرمانی كردوە، وڵاتەكەی هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات ئەوەش لەوەڵامی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەخت لەڕێگەی ھێرشێكی ئاسمانییەوە كرایە ئامانج و كوژرا.