بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت حەماس لە غەززە بمێنێت و دەشڵێت، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەك و لە هەلا بەرەیەكەوە هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل، ئەو بەرەیە باجی قورسی هێرشەكەی دەدات.
ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، رایگەیاند، لەم رۆژانەی دواییدا ئیسرائیل گورزی كوشندەی لە بریكارەكانی ئێران وەشاندوە لەنێویاندا بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵا. بەڵام هیچ ئاماژەیەكی راستەوخۆی بە كوژرانی ئیسماعیل هەنیە نەكرد.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی، لە چەند رۆژی رابردودا گورزمان لە سێ بەرە وەشاند، دوێنێش جێگرەكەی حەسەن نەسروڵامان كوشت كە بەرپرس بو لە هێۆشەكان لە باكورەوە بۆ سەر هاوڵاتیانمان.
جەختیشی كردەوە، "بەردەوام دەبین لە کوشتنی هەمو شەڕانگێزەکان."
وتیشی، "ژێرخانی شەڕانگێزیی لەنێو دەبەین و هەموو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل لەنێودەبەین." جەختیشی كردەوە كە دەبێت حەماس لە غەززە نەمێنێت.
نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا كە لەدوای هێرشەكەی سەر بەیروتەوە، هەڕەشەی زۆر لە هەمولایەكەوە دەبیستن، جەختیشی كردەوە "ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەك، بە یەكگرتویی و ئیرادەوە دژی هەر هەڕەشەیەك دەوەستینەوە. لە هەر بەرەیەكەوە هێرشبكرێتەوە سەر ئیسرائیل، ئەو بەرەیە باجێكی قورس دەدات."