محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی ئەمنی کرد لەبارەی روداوەكانی چەند كاتژمێری رابردوی عێراق و ناوچەكەو كۆمەڵێك بڕیارو راسپاردەی بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دەركرد.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی کرد کە ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و ئەمنی لەخۆگرتبو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا سەرجەم ئەو پێشهاتە ئەمنیانە خرانەڕو کە لە چەند کاتژمێری ڕابردودا ڕویاندا، هەروەها تاوتوێی داتا ئەمنییەکان و لێكەوتە چاوەڕوانکراوەكانی پەیوەست بە ڕوداوەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە میانی کۆبونەوەکەدا، سودانی کۆمەڵێک بڕیارو ڕاسپاردەی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییە جیایاكان دەرکرد.
شەوی رابردو لە بەیروت فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی حزبوڵای لوبنان لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا كوژرا و هاوكات لە ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل بۆردومانی چەند پێگەیەكی حەشدی شەعبی كرا كە بەهۆیەوە ژمارەیەك چەكداری حەشد كوژران و برینداربون.
دوابەدوای ئەو روداوانەش بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێكی ئاسمانیدا ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە تاران كوژرا.