یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دژی ناشتنی تەرمی شێخ جەعفەر بەرزنجی، پارێزگاری ساڵانی هەشتاکانی سلێمانی لەسەردەمی بەعس، لە ناوچەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و ئەو بەرپرسەی پێشوی بەعس بە چاوساغیکردن بۆ حکومەتی بەعس لە دژی گوندنیشینەکانی ناوچەكەو پێشمەرگە لەكاتی هەڵمەتەكانی ئەنفالدا تۆمەتبار دەکات.
ئاوێنە: شێخ جەعفەر بەرزنجی لە ساڵی 1980 هەتا ساڵی 1990 پارێزگاری سلێمانی بوە و دواتر پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی "مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی." بەڵام دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هەرێمی کوردستانی بەرەو بەغدا بەجێهێشت و لەدوای ساڵی 2003 لە وڵاتی شانشینی ئوردن نیشتەجێ بو، ئەو رۆژی هەینی 26ی 7ی 2024، لە ئوردن کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ناوچەی قادرکەرەم کە شوێنی لەدایکبونیەتی بە خاک سپێردرا.
دلێر کەریم، ئەندامی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شێخ جەعفەر لە کاتی تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە پارێزگاری سلێمانی بوە، ئێمە داوامانکردوە ئەوانەی ڕۆژگارێک بەعسی بون با گۆڕستانیان جیا بێت و لەو شوێنانە نەنێژرێن قوربانیانی دەستی بەعسیان تێدا نێژراوە."
چالاکوانانی جینۆساید دەڵێن ئەو ساڵانەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی بوە، حکومەتی بەعس پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی ئەنجامدا و چەندین تۆمەتی تری وەکو کوشتن و چەوساندنەوەی خەڵکی سلێمانی دەخەنە پاڵ.
ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەفەرمی هیچ شتێک لەبارەی ناشتنی تەرمی شێخ جەعفەر بە من نەگەیشتوە، بۆیە قسە لەسەر ئەو بابەتە ناکەم.”
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان کە لە کۆمەڵێک نوسەری بواری جینۆساید پێکهاتوە و لە مانگی 12ی ساڵی 2021 دامەزرێندراوە. لە ڕاگەیەنراوێکیدا وتی"تەرمی کەسێک کە پێشتر پارێزگاری سلێمانی بوە، دەهێنرێتەوە قادرکەرەم، ئەو شوێنەی خاوەنی دەیان هەزار قوربانی ئەنفالە، کە ئەو پارێزگارە نەک نەیتوانی هیچیان بۆ بکات، بەڵکو چاوساغی حکومەتی بەعس بو دژی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە."
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، "داواکارین لە داهاتودا تەرمی هیچ خۆفرۆشێک نەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و زێدی قوربانیانی ئەنفالکراو."
دلێر کەریم وتویەتی، "ناکرێت گۆڕی قوربانی و ئەوانەی دەستیان هەبوە لە تاواندا تێکەڵ بێت، چونکە ئەمە بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ناخۆشە."
لە ڕۆژی 9ی مانگی چواری ساڵی 1988، شەش گەنجی دانیشتوی سلێمانی بەبەرچاوی خەڵک و لە پاڵ دیوارێکی نزیک فولکەی زیندانی ئەوکاتی سلێمانی گولـلەباران کران. هەندێک لە چاودێرانی بواری جینۆساید دەڵێن، ئەوکات شێخ جەعفەر بەرپرسی لیژنەی ئەمنی سلێمانی بوە و ئامادەی ساتی گولـلەبارانکردنی ئەو گەنجانە بوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی شێخ جەعفەر بەرزنجی کە نەویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە دەدرێنە پاڵ شێخ جەعفەر، چونکە ئەو لەسەردەمی بەعسدا کەسێکی ئیداری بوە و سەربازی نەبوە."
هەروەها وتیشی، "هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە هیچ دادگایەک سکاڵای یاسایی لەسەر شێخ جەعفەر تۆمار نەکردوە، هۆکاری جێهێشتنی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەبوە."
شێخ جەعفەر بەرزنجی، یەکێکە لەو کەسانەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراو بوە، ناوی لە نێو لیستی ئەو موستەشارانەی سەردەمی بەعسدا هەبوە کە بە تۆمەتی دەستهەبون لە تاوانی ئەنفال داواکراوبون.
دلێر کەریم وتویەتی"دەکرێت ئەوانەی بەعسی بون لە شار و ناوچەی تر بنێژرێن نەک لە زێدی ئەنفالکراوەکان، چونکە ناکرێت بچینە نێو گۆڕستانێک نیوەی گۆڕی خۆفرۆشان و نیوەکەی تریش گۆڕی قوربانی بێت."
شێخ جەعفەر بەرزنجی، لە ساڵی 1938 لە ناوچەی قادر کەرەمی سەربە قەزای چەمچەماڵ لە دایکبوە و لە ڕۆژی 26ی ئەم مانگە، لە تەمەنی 86 ساڵید کۆچی دوایی کرد.