دەستەی داکۆكیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی: ئاگرەكەی چیای گۆیژە بە روداوێكی ئاسایی تەماشا نەكرێت
  2024-07-29       624       

دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی گومانی خۆی لەبارەی ئاگرەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی چیای گۆیژە نیشان دەدات كە تێیدا نزیكەی 15 هەزار داری جۆراجۆری تێدا سوتان و داواش لە لایەنە دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی و دادگاو داواکاری گشتیش دەكات کە بەرامبەر ئەو سوتانە هەریەکەو لەلای خۆیەوە هەڵوێستەیەک بکات و بە روداوێکی ئاسایی تەماشای نەکات.

ئاوێنە: دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەرەبەیانی 29ی تەموزی 2024 ئاگر لە بناری چیای گۆیژەی باکوری سلێمانی کەوتەوەو بەهۆی ئەو رەشەبا بە‌هێزەوە کە هەڵیکردوە لە ماوەیەکی کەمدا روبەرێکی بەرفراوانی چیاکەی گرتۆتەوەو تا بەیانی بەردەوام بوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان نزیکەی 15 هەزار داری جۆراو جۆری تەمەن جیاواز سوتاون."

ئاماژەی بەوەشداوە"کەوتنەوەی ئاگرەکە ئەگەر لە کاتێکی تردا بوایەو کاتژمێر نزیکی 3:30 بەرەبەیانی نەبوایە رەنگە بە ئاگرکەوتنەوەیەکی ئاسایی ناوزەد بکرایە، بەلآم کاتێک کە ورد دەبینەوە لە کاتەکەی و لە بەرەبەیانێکدا کە رەشابەیەکی بەهێزیش لە ناو سلێمانیدا هەڵیکردبو کەس خۆی پێنەدەگیرا، خەڵکانێکی سەیرانکار چیدەکەن لەو کاتەدا لە سەر ئەو چیایە تا ببنە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە."

ئاماژەی بەوەشداوە"لەلایەکی ترەوە چیای گۆیژە زۆرێک لە دارستانەکەی ئاگربڕ کراوەو لە هەندێک شوێندا ئاگربڕەکەی نزیکی 10 مەتر پانە، نازانین بە چ قودەرتی قادرێک ئەم ئاگرە پەڕیوەتەوە لەو ئاگربڕانەو ئەو روبەرە فراوانەی سوتاندوە.

چیای گۆیژە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری ئاگرکوژانەوەو ئاودێری و چاودێریکردن و دەستیکار بێبەشە."

بەپێی قسەی دەستەكە "تا ئێستا هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژاندنەوەی نییە، بگرە لەوەش زیاتر لە هەمو چیای گۆیژەدا تاکە بیرێکی تێدا نییە لە کاتێکدا کە بە بڕێک پارەی کەم دەتوانرێت چەندان بیر هەڵبکەندرێت و لەو روشەوە روپێوی (کەشفی) بۆ لێدانی بیری بۆ کراوە، بەلآم پارەی بۆ خەرجناکرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ئاودێری و چاندانی نەمام و ئاگربڕیش دەکەن بۆ ئەو چیا گەورەیە تەنها 10 کرێکارن، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردودا رۆژانە سەدان کرێکار کاری لەو چیایەدا کردوە."

دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی وتوشیەتی"هەرچەندە لە بناری چیاکە بنکەیەکی پۆلیسی لێیە، بەڵام نە جێگەی بنکەی پۆلیسەکە باشە، نە ئەو ژمارە کەمەش دەتوانێ سەرپێچیکردن لەو چیا گەورە قەرەباڵغەدا رابگرێت، لە کاتێکدا کە پێویستە ئەو چیایە لە لە هەمو شوێنێکەوە لەلایەن پۆلیس و بگرە لە رێگای کامێراشەوە چاودێری بکرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئێمە لێرەوە لایەنە دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی و دادگاو داواکاری گشتیش ئاگادار دەکەینەوە کە بەرامبەر ئەو سوتانە هەریەکەو لەلای خۆیەوە هەڵوێستەیەک بکات و بە روداوێکی ئاسایی تەماشای نەکات، لە کاتێکدا کە پێشتر ئێمە سوتانی لەو جۆرە بە دەستی ئەنقەست و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لە گۆیژەو شوێنەکانی تری سلێمانیمان بینیوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×