دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە، دادگاى دهۆک سزاى سێ ساڵ زیندانیکردنى بەسەر ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەددا سەپاند، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگا بەرامبەر بەو رۆژنامەنوسە دادپەروەرانە نییە و مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبوەو داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە دەكات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، 29ی تەمموزی 2024، لەهۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگاییكردنی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد كۆتایی هات و تێیدا بڕیاری سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بە ماددەی 1ـی ژمارە 21ـی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبون لە “پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساتی دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023وە، سەنتەری میترۆ چەندینجار، لێدوان و داواكاری روبەڕوی دەسەڵاتی دادوەری كردوە كە كەیسی دادگاییكردنەكە بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری بێت، رێگەبدرێت بە خێزان و پارێزەرەكەی بیبینن، لە كەشێكی دادپەروەرانەدا پرۆسەی دادگاییكردنەكە بەڕێوەبچێت.
میترۆ جەختی كردۆتەوە كە بڕیارەكەی دادگای دهۆك بەرامبەر بە رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دادپەروەرانە نییەو مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبوەو داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە دەكات.
هاوكات میترۆ داواشی كردوە، دادگاكان وەك فاكتەرێكی فشار و تۆڵەسەندنەوە لە دژی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بەكارنەهێنرێن، پێویستە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوەو ئازادی رادەربڕین زەمینەسازی بڕەخسێنرێت بۆ فەراهەمكردنی پرۆسەیەكی دادگاییكردنی دادپەروەرانە.
سەنتەری میترۆ بە پێویستیشی زانیوە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە كار بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری بكرێت، نابێت لەژێر هیچ پاساو بیانویەكدا پەنا بۆ یاساكانی تر ببردرێت.
سەنتەری میترۆ وتوشیەتی"لە كەیسەكەی سلێمان ئەحمەددا، نەتوانراوە مافەكانی وەك تۆمەتبارێك بۆ فەراهەمبكرێت، هەر لە شێوازی دەستگیركردنەكەی و نكۆڵیكردن لە دەستگیركردنی بۆ ماوەیەك، پاشان دوای 211 رۆژ رێگەدراوە كە خێزانەكەی و پارێزەرەكەی بیبینێت، هەمو ئەمانە گومانەكان گەورەتردەكەن لەسەر راست و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون."
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنوس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، دوای ئەوەی بۆ بەشداریكردن لە پرسەی باوكی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی لە 25ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 لە دەروازەی فیشخابور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێت.