شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، بەهۆکاری بوونی زۆری گازی ژەهراوی و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن شاری هەولێر لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان پیسترین شارە، دەشڵیت، لە سەر ئاستی جیهانیش هەولێر لە پلەی پێنجەمی ئەو شارانە دێت، کە خاوەنی ژینگەیەکی پیس و ژەهراوی و ناتەندرووستن.
ئاوێنه: شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسی سەبارەت بە ژینگەی شاری هەولێر لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، بەهۆکاری بوونی زۆری گازی ژەهراوی و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن شاری هەولێر لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان پیسترین شارە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە سەر ئاستی جیهان هەولێر لە پلەی پێنجەمی ئەو شارانە دێت، کە خاوەنی ژینگەیەکی پیس و ژەهراوی و ناتەندرووستن.
دەشڵێت، زۆر زیاد بوونی ئەم گازانە لەبەرگە هەوای زەویدا بووەتە هۆی ئەوەی هەنگاو بەهەنگاو و ساڵ لەدوای ساڵ پلەکانی گەرما بەرز بێتەوە و بەمەش قەتیس بوونی گەرمای لێکەوتووەتەوە، لە ئەنجامدا بووەته هۆی ڕوودانی دیاردەیەک ئەویش گۆڕانی کەش و هەوایە، ئەم گۆڕانەش تادێت کارەساتی سروشتی زیاتر لەگەڵ خۆی دێنێت بێگومان هەرێم و عێراقیش پشکی شێریان بەردەکەوێت لەم گۆڕانکارییانە.
لە کۆتایشدا ئەوەى خستووەتەڕوو، بەداخەوە تائێستا حکومەتی هەرێم هیچ پلان و بەرنامەیەکی نیە بۆ داهاتوو، کە زۆر پێویسته بەنداوی بچوک و مام ناوەند و گۆم دروست بکات بۆ ئەوەی لە وشکە ساڵیدا سودیان لێوەربگرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ڕابردوو فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕایگەیاندبوو، ئەو پاڵاوگە نەوتییانەی لە هەولێردا هەن هیچیان مەرجی سەلامەتیان تێدا نییە و زیانێکی زۆریان بە بەرگە هەوا و ژینگەی شارەکە گەیاندووە.