زانیاریى نوێ له‌باره‌ى كچه‌ هه‌ڵاتوه‌كه‌ى زیندانێكى سلێمانیه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت
  2024-07-29       889       


وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم زانیاریى نوێ له‌باره‌ى كچه‌ هه‌ڵاتوه‌كه‌ى زیندانى گرتن‌و گواستنه‌وه‌ى ژنان‌و منداڵانى سلێمانیه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"له‌گه‌ڵ ئاسایش گه‌یشتوینه‌ته‌ سه‌ره‌داو".

ئاوێنه‌: دوێنێ فوئاد جەزا بەڕێوەبەری چاکسازی ژنانی سلێمانی ئاشكرایكرد، "كچه‌ زیندانیه‌ك لەزیندانەکانمان ڕایکردوەو تائێستاش نه‌توانراوه‌ ده‌ستگیربكرێته‌وه‌".

کوێستان محەمەد وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیی لەبارەى کەیسى کچە هەڵاتوەکەى چاکسازیى ژنان‌و منداڵانى شارى سلێمانى وتى:"کچەکە تەمەنى 16 ساڵەو لەسەر سکاڵاى دایکى ڕاگیرابوو".

ده‌شڵێت:"کاتێک زانیویەتى دایکى بەنیازە کەفالەتى ئازادکردنى بۆبکات، هەڵاتوە تا نەچێتەوە ناو خێزانەکەى".

ئه‌وه‌شى وت:"بە هەماهەنگى لەگەڵ ئاسایشى سلێمانى لەهەوڵى دەستگیرکردنەوەیداین‌و گەیشتوینەتە چەند سەرەداوێک".

لەبارەی شێوازی هەڵاتنی، وەزیری کار وتی:"ئەمڕۆ خۆم چومه‌ چاکسازییەکەو لەکامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت، لەوکاتەی کە ڕاگیراوەکان براونەتە حەوشە، تەنها یەک کارمەندی هێزی جێبەجێکار لەگەڵ ڕاگیراوەکان بوە، بۆماوەی چەند خولەکێک دەچێتە ژورەوە لەوکاتەدا ئەو کچە دەرفەت دەدۆزێتەوەو هەڵدێت".

ئه‌وه‌شى وت:"پاراستنی دەرەوەی چاکسازی ژنان‌و منداڵانی سلێمانی لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیەو تائێستا چەندین نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتەکە کردوەو داوایکردوە، هێزێکی ئەمنی بۆ پاراستنی چاکسازییەکە جێگیربکەن، بەڵام ئێستاشی لەسەربێت وەڵامی نوسراوەکەی نەدراوەتەوە".

لەچاکسازی ژنان‌و منداڵانی سلێمانی 61 سزادراوو چوار ڕاگیراو هەیەو بۆئەوەش تەنها 17 هێزی جێبەجێکار هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×