کۆمسیۆن دەستیکردووە بە وردبینیکردن لە ناوی ئەو کەسانەی فۆڕمیان وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان پێشکەش کردووە و شایستەی دارایی ئەوانەش کە فەرمانبەر نین 250 هەزار دینار دەبێت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ دووشەممە، مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی 23ی ئەم مانگە کۆتا ڕۆژ بووە بۆ پێشکەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن، 32 هەزار کەس فۆڕمیان پێشکەش کردووە و وردبینی لە ناوەکانیان دەستیپێکردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە 14 هەزار و 600 کارمەندیان بۆ سەر سندوقی دەنگدان پێویستە و 50٪ش وەک یەدەگ وەردەگرن.
مەڕوان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە هەر کارمەندێک کە فەرمانبەر نەبێت 250 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەوانەش کە فەرمانبەرن 150 هەزار دینار و سوپاس و پێزانییان پێشکەش دەکرێت.
بڕیارە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.