بافڵ تاڵه‌بانی: یەکێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی خزمەتكردنی خەڵك بێت
  2024-07-29       264       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد و رایگەیاند، یەکێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی خزمەتكردنی خەڵك بێت.

لە راگەیەندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى ئاماژە بەوە کراوە، "لەدیدارێكدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا، جەخت لە هاریكاریی زیاتر و كاری هاوبەشی هەموولایەك كرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و دووركەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەك كە زیان بە دۆخی پارێزگاكە بگەیەنێت".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، "بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ هەڵبژاردنی رێگە یاسایی و دروستەكە بۆ گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، راشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگاكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پارێزگاریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە".

روونیشکراوەتەوە، سەرۆکى یەکێتى وتوویەتى: "یەكێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی خزمەتكردنی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئه‌وه‌ش هاتووە، "سەرۆکى یەکێتى ئاماژەی بەوەشكرد، پێكهاتەی نوێی ئەنجوومەنەكە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك دەكات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەكەیەتی، ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەكانیش كە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەكەین".

رۆژى 2ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و گۆڕانکاری لە 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی پارێزگاکەدا کرد، لەنێویاندا قایمقامی شنگال و مەخموری هەڵبژارد.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵدەپەسێرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×