ڕێنمایی نوێ بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زەوی لەلایەن فەرمانبەرانەوە بڵاوكرایهوه، لهڕێنماییەكهدا هەژماركردنی خاڵەكان و ساڵانی خزمەت و ئەو كەسانەی خاڵیان بۆ هەژمار دەكرێت ڕونكراوهتهوه.
ئاوێنه: دوابەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پێدانی زەوی بەفەرمانبەران، وەزارەتی شارەوانی لەماوەی ڕابردودا فۆڕمی وەرگرتنی زەوی ئاڕاستەی فەرمانگەكان كرد، كە بەشێكی پێكهاتووە لەبەڵێننامەی فەرمانبەر لەسەر ئەوەی پێشتر سودمەند نەبووە.
بەپێی ئەو ڕێنماییە، خزمەتی فعلی بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە هەژمار دەكرێت لەگەڵ خزمەتی گرێبەست و پارێزەرایەتی و هاوسەر و ئەو منداڵانەش، كە لای دایك و باوك ماون و شوویان نەكردووە و ژنیان نەهێناوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو فەرمانبەرانەی لە 8 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە و بۆ هەر ساڵێكی خزمەت بە خاڵێك هەژمار دەكرێت و فەرمانبەرەكە و هاوسەرەكەی هەریەكەی خاڵێك هەژمار دەكرێت و ئەگەر ژن و مێرد هەردووكیان فەرمانبەر بوون ئەوەیان خزمەتی زیاترە فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە و ئەوی تریان پشتگیری فەرمانگەكەی دەهێنێت و خزمەتەكەیان كۆدەكرێتەوە.
جەختیشكراوەتەوە، پڕكردنەوەی بەڵێننامە پێویست ناكات پولی دارایی لێوەربگیرێت.