سوپای تورکیا به‌ "تاکتیک" لە دو گوندی سنوری پارێزگای دهۆك دەکشێتەوە
  2024-07-28       733       


سەرچاوەکان لە پارێزگای دهۆك رایانگه‌یاند، دوێنێ شەممە سوپای تورکیا لە دو گوندی سنوری پارێزگای دهۆک کشایەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی ئەم دواییەدا بونی خۆی لەوێ چڕتر کردبوەوە، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ بۆ نیازی سوپای توركیا بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستات (په‌كه‌كه‌)، فه‌رمانده‌یه‌كیش ده‌ڵێت، پێده‌چێت كشانه‌وه‌كه‌ "تاكتیكی بێت".

ئەدیب مەجید، موختاری گوندی میسكا له‌ ناحیه‌ی كانێ ماسێ له‌ پارێزگای دهۆك، رایگه‌یاند، "هێزەکانی تورکیا دوای ئەوەی بۆ چەند هەفتەیەک لەوێ جێگیربون لە گوندەکانی میسكا و درلكی کشاونەتەوە"، دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی رابردودا جێگیرببون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و هێزانه‌ی له‌و گوندانه‌ كشێنراونه‌ته‌وه‌ خاڵی سەربازییان لەسەر گردەکانی ده‌وروبه‌ری گونده‌كان دامەزراندوە کە دەڕوانێتە ئەو دو گوندەدا، هێشتا خه‌ڵك ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵیان. 

کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەو دو گوندە ئاماژەنییە بۆ راگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە لەم دواییانەدا دژ بە گه‌ریلاكانی پەکەکە چڕبونەتەوە، تەنانەت کەمبونەوەیشیان نییە، بەو پێیەی سەرچاوەکانی ناو هێزی پێشمەرگە دوپاتیان کردوەتەوە، کە شەوی ڕابردو هێزەکانی تورکیا هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەکانی دیکەی دهۆك و لەگەڵ ئەندامانی ئەو حیزبە تێکهەڵچون.

ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی "العرب الجدید"ی راگه‌یاند، "ڕەنگە کشانەوەی هێزه‌كانی توركیا له‌و دو گونده‌ تاکتیکی سەربازی بێت"، چونكه‌ هێزه‌كانی توركیا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ به‌رده‌وامن له‌ هێرشەکانیان، شه‌وی رابردو هێرشیانكرده‌ سه‌ر شیلادزێ له‌ ناحه‌یه‌ی كانی ماسێ و پێكدادان له‌ نێوان هه‌ردولا رویداوه‌ و ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك به‌رده‌وام بوه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "زۆربەی گوندەکانی دهۆک هێشتا لە دۆخی شەڕدا دەژین، خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بون، ئەوانەی ماویشن لەژێر بارگرانی شەڕەکاندا دەژین. ڕەنگە خەڵک ناچار به‌ هەڵاتن بكرێن ئه‌گه‌ر هێرشه‌كانی توركیا به‌رده‌وامی بێت".

تیمی کوردستانی - عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT) ئەمریکی هۆشداری دەدات سەبارەت بە لە لەدەستدانی 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک و ئاوەرابونی 190 خێزانی گوندەکانی سنوری چیای گارە لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە و ده‌ڵێت، "ناوچەکانی شیلادزێ، دێرەلوک و ئامێدی بە تەواوی ئابلۆقە دەدرێن و حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتی لەو ناوچانە نامێنێت و دەکەونە ژێر ڕکێفی سوپای سەربازی تورکیاوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×