2024-07-28   1221     
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی شەش جۆر یاسا و بڕیار مووچەی خانەنشیان دابەش دەکرێت، بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەیەوێت ئەوانەش هەموویان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراق مووچەکەیان وەربگرن."
ئاوێنە: سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی بەڕێوەبەری گشتیی، وەزیرەکان، بریکارەکانی وەزیر، پەرلەمانتاران، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بە گوێرەی یاسا و بڕیاری جیا دەدرێن.
ڕاشێگەیاند: ئێستا بەغدا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پارەی سندووقی خانەنشینیان رادەستبکات، بەڵام سندووقەکە پارەی تێدا نییە. و ئەوەش نابێتە لەمپەڕ لەبەردەم هاوتاکڕدنی مووچە.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ یەکخستنی مووچەی خانەنشینان، لە کۆتایی حوزەیرانەوە لیژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراوە و، دەبێت لە دوو مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن و دوای ئەوە یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینان بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
ئەوەشی خشتەڕوو "پێشبینی دەکەین مووچەی مانگی ئابی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بێت."