لەدواى هێرشەکەى سەر جۆلان و گیانلەدەستدانى 12 کەس، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵای لوبنانی باجێکی قورسدەدات.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "رێگە نادەن هێرشە وەحشیگەرانەکەی حیزبوڵا بێوەڵام تێپەڕێت".
بە گوێرەى راگەیاندراوەکە، نەتانیاهوو هەڕەشەى لە حیزبوڵا کردووە و تێیدا هاتووە، ئەو حیزبە باجێکی وەها قورس دەدەن کە لەپێشوودا باجی وا قورسیان بەخۆیانەوە نەدیبێت.
هاوکات، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە پەنجەی تۆمەتی بۆ حیزبوڵای لوبنانی درێژ کرد و دەڵێت، هێرشەکە دڕندانە بووە و تەنیا تاوانی قوربانییەکان ئەوەبووە چوونەتە دەرەوە تاوەکو یاری تۆپی پێ بکەن.
راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، بەهۆی بۆردوومانکردنی گۆڕەپانێکی وەرزشی لەناوچەی موجدل شەمس، لە بەرزاییەکان جۆلان 12 هاوڵاتی ئیسرائیل کوژران و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش برینداربوون، لەدوای هێرشەکەش حیزبوڵای لوبنانی رەتیکردەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.