ئەمڕۆ لەکاتی کارکردندا کرێکارێکی بەرەگەز چینی بەهۆی كەوتنی كۆمپرێسەری چیمەنتۆ بەسەریدا گیانی لەدەستداو سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی-یش دهڵێت، ئەمساڵدا 17 کرێکار گیانیانلەدەستداوەو لەهەرێمی کوردستان پێداویستییەکانی کارو مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران لەپڕۆژەکاندا بەگوێرەی پێویست نین.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە، عوسمان حەمەسەعید سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی ڕایگهیاند، کرێکارێک لەکاتی کارکردن لەکۆمپانیایەک گیانیلەدەستدا.
باسی لەوەش کرد، لەکاتی دروستکردنی کارگەیەکی نوێ و لە ساتی تێکردنی چیمەنتۆ بۆ نهۆمەکانی سەرەوەی کارگەکە، قاچەکانی کۆمپرێسەری چیمەنتۆکە شکاوە و کەوتووە بەسەر کرێکارەکەدا، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، کرێکارەکە بە رەگەز چینییەو تەمەنی 49 ساڵەو خێزاندارە، لەئێستادا تەرمەکەی لە پەیمانگای دادی پزیشکییە.
راشیگەیاند، لەهەرێمی کوردستان پێداویستییەکانی کارو مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران لەپڕۆژەکاندا بەگوێرەی پێویست نین و بەشێک لەروداوەکانیش بەوهۆیەوە رودەدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەم روداوەوە لەماوەی ئەمساڵدا 17 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان کرێکاری بیانی بوون.